لە دیمەنێكی هاوشێوەی رووداوی فیلمەكاندا، ژمارەیەك دز توانییان لە كۆمپانیایەكی لۆس ئەنجلۆس هەڵبێن دوای ئەوەی 30 ملیۆن دۆلاریان لێبرد، دوای ئەوەی پشووی جەژنی قیامە-یان بۆ هەڵكوتانەسەر بیناكە و شكاندنی گەنجینەكەی هەڵبژارد.
لەئێستادا لێكۆڵەران سەرقاڵی بەدواداچوونن لەبارەی رووداوی دزییەكە، كە بە یەكێك لە گەورە دزییە تۆماركراوەكانی لۆس ئەنجلۆس دادەنرێت.
رۆژنامەی (لۆس ئەنجلۆس تایمز) لە زاری ئیلین مۆرالیس، فەرماندەی پۆلیس بڵاویكردەوە، دزەكان شارەزایانە توانیویانە دزە بكەنە بیناكە و گەنجینەكەیەوە، كارمەندانی كۆمپانیاكە بە دزییە گەورەكەیان نەزانیووە تا گەڕانەوەیان بۆ كار لە رۆژی دووشەممەدا.
پۆلیسی لۆس ئەنجلۆس رۆژی پێنجشەممە بڵاویكردەوە، رووداوەكە لەلایەن نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵییەوە لە لێكۆڵینەوەدایە.