بڕیارە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد سەردانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکات و یەکگرتووی ئیسلامیش دەڵێت حکومەتی هەرێم جگە لە ڕێککەوتن هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نیە.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “لە دوای سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغداد و کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی پێشنیاری سەردانی شاندەکەی کردووە بۆ پەرلەمانی کوردستان و بۆ لای سەرجەم لایەنەکان”.
وتەبێژەکەی قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، “هەرچەندە تاوەکو ئێستا بڕیار لەبارەی کاتی سەردانەی شاندەکەی هەرێم بۆ لای لایەنەکان نەدراوە و بڕیاریش نەدراوە یەکەم لایەن چ لایەنێکە سەردانی دەکرێت بەڵام پێشنیارەکە لە ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێکراوە”.
سەمیر هەورامی دەڵێت، “ئێمە لە دواین سەردانماندا لەگەڵ بەغداد ڕێککەوتین لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021دا، ئەوەی ماوەتەوە هەنگاوی دووەمە کە پەرلەمانە تاوەکو پەسەندی بکات بۆ ئەمەش پێویستمان بە کۆدەنگیی هەرێمی کوردستانە لێرە و لە بەغدادیش بۆیە سەردانی لایەنەکان دەکەین تاوەکو ئەو کۆدەنگییە دروستبکەین لەسەر بەرگری کردن لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا”.
“حکومەتی هەرێم جگە لە ڕازی بوون بە مەرجەکانی بەغداد هیچ ڕێگایەکی نییە”
مستەفا عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەوبارەیەوە بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە ئەگەر شاندی حکومەتیشی سەردانمان بکات هەمان ئەو بۆچوونەی پێشوویان پێدەڵێین کە هەمانبووە وەکو یەکگرتوو، پێمانوایە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ ڕێگە چارەیەکی دیکەی نییە جگە لە ڕازی بوون بە مەرجەکانی بەغداد و ڕێککەوتن لەگەڵیان”.
ئاماژەی بەوەشکرد کە یەکگرتووی ئیسلامی پێی وایە ڕازیبوون بە مەرجەکانی بەغداد تەنازول نییە بەڵکو لە پێناو مافی خەڵکدایە و دەبێت ڕێکبکەون.
“شاندی هەرێم هەر چییەک پارتی و یەکێتی پێیان بڵێن ئەوە دەکەن و دەسەڵاتیان پێنەدراوە”
خەلیل سەرکانی ئەندامی جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم یان هەر شاند و لایەنێکی دیکە بۆلای بزوتنەوەی گۆران پێشوازی لێکراو دەبێت کە لە پێناو چارەسەر کردنی کێشە و نەهامەتییەکانی خەڵک و قەیرانی داراییدا بێت”.
وتیشی، “ئێمە پێمان وایە ئەو شاندە دەبێت نوێنەرایەتیی سەرجەم لایەنەکانی هەرێمی کوردستان و خەڵک بکات نەک تەنها پارتی و یەکێتی، چونکە ئەم شاندەی پێشتر چوونەتە بەغداد نوێنەرایەتیی خەڵک و لایەنەکان ناکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد کە شاندێک کە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغداد لە هەرێمەوە دەڕوات دەبێت دەسەڵاتی تەواویان پێبدرێت، بەڵام ئەو شاندەی تاوەکو ئێستا سەردانی بەغدادی کردووە هیچ دەسەڵاتێکیان پێنەدراوە، ئەگەر وانیە بۆچی ئەو برە نەوتەی کە هەموو جارێک بەغداد داوای دەکات هەرێم ڕادەستی ناکات و خەڵک لەم نەهامەتییە بهێننە دەرەوە.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرواری 9ی کانونی یەکەمی 2020 سەردانی بەغدادیان کرد و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەزیری دارایی، وەزیری نەوت و پەرلەمانی عێراق و لایەنەکان کۆبوونەوە، لە شەوی 22ی کانونی دووەم قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند کە لەگەڵ بەغداد ڕێککەوتوون لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2021دا و ڕۆژی 23ی کانونی دووەم گەڕانەوە هەرێمی کوردستان.