شارەوانیی سلێمانی لەبارەی ئەو درەختانەی بەر پرۆژەیەكی بەرزەپرد دەكەوێت روونكردنەوە دەدات

كاركردن لە پرۆژەی بەرزەپردی حەپسەخانی نەقیب لە سلێمانی دەستیپێكردووە و وتەبێژی شارەوانی لەبارەی ئەو رووبەری سەوزاییەی بەر پرۆژەكە دەكەوێت روونكردنەوە دەدات.

زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، ماوەی هەفتەیەكە پرۆژەی بەرزەپردی حەپسەخانی نەقیب لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمود چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

وتیشی، “لەئێستادا بۆ پەڕینەوە لە شەقامەكە یوتێرنێك هەیە، بە تەواوبوونی پرۆژەكە قەرەباڵغی لەسەر شەقامەكە نامێنێت”.

سەبارەت بەو رووبەری سەوزاییەی بەر پرۆژەكە دەكەوێت و بەهۆیەوە هەندێك درەخت لە رەگەوە هەڵكێشراون، زەردەشت رەفیق روونیكردەوە، لە هەموو دونیادا پەیڕەوكراوە كە دەتوانرێت بۆ بەرژەوەندیی گشتی، هەندێك لە رووبەری سەوزایی بەكاربهێنرێت.

باسی لەوەشكرد، بەشی زۆری ئەو درەختانەی لێرە هەڵكەندراون و سوودیان هەیە، جارێكی دیكە لە پاركی ئازادی و بلواری مەلیك مەحمود نێژراونەتەوە.

وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی روونیشیكردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆژەكە سەوزایی لەخۆدەگرێت.

هەروەك ئاماژەی بەو پرۆژە خزمەتگوزارییانە كرد كە لەئێستادا لە سلێمانی كاریان تیادەكرێت لەوانە (یەكتربڕی باخی بەختیاری، یەكتربڕی ئارام، ئەندەرپاسی فاروق، فراوانكردنی شەقامی دابان، فراوانكردنی شەقامی هەواری شار و دروستكردنی ئەندەرپاسێك لەو شەقامە).

ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێكی بەرچاویان لەمساڵدا تەواودەكرێن.

بابەتی پێشتر

بازرگانیی عێراق هەڵمەتێک تایبەت بە مانگی رەمەزان رادەگەیەنێت

بابەتی دواتر

پەروەردە خشتەی تاقیکردنەوەی بەرایی پۆلی 12ی ئامادەیی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share