قوباد تاڵەبانی: گەشبینین لە ئەمساڵدا کێشە داراییەکان بە یەکجاری چارەسەربکەین

جێگری سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، هەرێم دەرگای کراوەیە بەڕووی وەبەرهێنەرانی فەڕەنسیدا و دەشڵێت، گەشبینین لە ئەمساڵدا کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بە یەکجاری چارەسەربکەین.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە هەولێر پێشوازیکرد لە وەفدێکی ئاژانسی گەشەپێدانی فەرەنسی و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا، كە یان برێم کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێم ئامادەیبوو، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی هاوکارییەکانی ئاژانسی گەشەپێدانی فەرەنسی کرد و رایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەرگای کراوەیە بەڕووی وەبەرهێنەرانی فەڕەنسیدا و لەمبارەیەشەوە ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکاری و کارئاسانییەک.

وتیشی، “ستراتیژی حکومەتی هەرێم بەهێزترکردنی کەرتی تایبەتە و لەم چوارچێوەیەشدا پرۆسەی پشتگیریکردنی وەبەرهێنەرانی ناوخۆی دەستپێکردووە”. ئاماژەی بەوەشدا بەهۆی ئەم سیاسەتەوە ساڵی رابردوو ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی لە کوردستان زیادیکردووە و بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی لەم رووەوە لەسەر ئاستی عێراقدا یەکەم بوو.

سەبارەت بە کۆسپەکانی بەردەم گەشەپێدانی ئابوری لە کوردستان و عێراق، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، یەکێک لە کێشە بنەڕەتییەکان نەبوونی داتای زانستییە و بەبێ بوونی داتای زانستی ناتوانین بڕیاری دروست و خێرامان هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پلانی گونجاو دابنێین بۆ گەشەپێدانی ئابوری. هەربۆیە ساڵی رابردوو شۆڕشی داتامان راگەیاند و وەک دەستپێک لە هەڵەبجەوە دەستکراوە بە کۆکردنەوە و ئامادەکردنی داتای زانستی و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەی کوردستان دەبێتە خاوەنی داتای زانستی لە هەموو بوارە جیاوازەکاندا.

هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی کەرتی تایبەت، باسی لەوەشکرد لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ جێخستنی ئەو کلتورە کە وەبەرهێنەر و سەرمایەدارەکانی هەرێم وەبەرهێنان لەسەر بیرۆکەی داهێنەرانەی گەنجان بکەن، لەم چوارچێوەیەشدا پلاتفۆرمی سمارت سولی دەستبەکار بووە و کۆڕبەندیی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ کارسازی و داهێنان بۆ هەمان مەبەست بەڕێوەچوو و ئەم هەوڵانەش بەردەوام دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا. لەمبارەیەشەوە جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامە و گەشبینین لە ئەمساڵدا بە یەکجاری ئەم کێشەیە چارەسەر بکرێت.

سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵیش قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە لەم ساڵانەی دواییدا لە کەرتی کشتوکاڵدا هەنگاوی باش نراوە و وەزارەتی کشتوکاڵ پلانێکی تۆکمەی هەیە بۆ گەشەپێدانی ئەم کەرتە و حکومەتیش بەرچاوی روونە لە هەنگاوەکانی داهاتووییدا بۆ گەشەپێدانی کەرتی کەشتوکاڵ.

بابەتی پێشتر

سەرۆكی هەرێم لەگەڵ گەورە بەرپرسانی سەربازیی توركیا كۆبووەوە

بابەتی دواتر

بانکی نێودەوڵەتی: سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراق باشترینە لە ناوچەکەدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share