عەلی عەلاق: چەند بانک و کۆمپانیایەک رێگەیان پێنادرێت مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن

عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، چەند بانک و کۆمپانیایەک هەن کە رێگەیان پێنادرێت مامەڵە بە دۆلارەوە بکەن بەهۆی پابەندنەبوونیان بە داواکارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق قسەی بۆ میدیای فەرمی عێراق کردووە و رایگەیاندووە، ئەوەی باسی لێوە دەکرێت کە گوایە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزای ژمارەیەک بانکی عێراقی داوە نادروستە و ئەوەی هەیە تەنها بانکی و هودا و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری بانکەکەیە کە سزادراوە.

جەختی لەوەشکردووەتەوە، گەنجینەی ئەمریکا رێساکانی بانکی ناوەندی بۆ بانکەکان بە گونجاو زانیووە، کە مەرج و ستانداردەکانی گواستنەوەی دەرەکی و کردنەوەی هەژماری لە بانکە بیانییە باوەڕپێکراوەکانی نێودەوڵەتی لەخۆگرتبوو.

عەلی عەلاق ئاماژەی بەوەشکردووە، جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان دانانی بانکێک لە لیستی سزاکان لەلایەن فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی دەرەکی (OFAC) و راگرتنی بانکێک لە مامەڵەکردن بە دۆلار، چونکە بانکەکان دەتوانن هەڵوێست و پابەندبوونەکانیان راست بکەنەوە کە پێویستە بۆ چوونە ناو مامەڵە دەرەکیەکانیان بە شێوەیەک کە سەلامەتی سیستەمی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە مەترسییەکان بپارێزێت.

ئەوەشی روونکردەوە، بانکی ناوەندی لە چوارچێوەی رێکخستنی گواستنەوەی دەرەکی بۆ بانکەکان گەیشتووەتە قۆناغە کۆتاییەکان و ئەو بانکانەی پابەند نین بە رێکارە ئاساییەکانی بانکی ناوەندی، بێبەش دەبن لە بەدەستهێنانی دۆلار تا ئەو کاتەی پابەندنی ستانداردەکان دەبن، دوای ئەوە دەگەڕێندرێنەوە، جگە لەوەش، ئەم بانکانە هیچ بڕیارێک نییە بۆ وەستاندنی کارەکانیان یاخود بخرێنە لیستی سزاکان، بەڵکو رێگەیان لێ دەگیرێت دۆلار بەدەستبهێنن تا ئەو کاتەی کە مەرجەکانی سەلامەتی کارەکانی گواستنەوەی دەرەکی جێبەجێ دەکرێن.

بابەتی پێشتر

روونكردنەوەیەكی بەپەلە لە وەزارەتی دارایی لەبارەی دابەشكردنی مووچەوە

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم: پێویستە بەشە بودجە و مووچەی شایستەی خۆمان بۆ بنێردرێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share