وتەبێژی حکومەتی عێراق: هێزەکانی هاوپەیمانان ناتوانن بۆ هەمیشە لە وڵاتەکەمان بمێننەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، “کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یەکێکە لە بڕگەکانی بەرنامەی حکومەت و ئەوان ناتوانن بۆ هەمیشە لە عێراقدا بمێننەوە”.

باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، “کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یەکێکە لە بڕگەکانی بەرنامەی حکومەت و لە یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای سەربازی کە بەڕێوەچوو بە فەرمی ئەو کارە دەستیپێکرد”.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، “دەستپێکردنی کارەکانی لیژنەی باڵای سەربازی هاوبەشی نێوان عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی خەونێکی زۆر گەورە بوو، بەو پێیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2014 دامەزرا و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیش لە ساڵی 2018 کۆتاییهات”.

دەشڵێت، “جێی خۆیەتی دەستبکرێت بە لێکۆڵینەوە لە داهاتووی هاوپەیمانییەکە و داڕشتنی نەخشەڕێگایەک کە رێککەوتنی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی بچێتە قۆناغێکی نوێی هاوکاری دووقۆڵی لەبری هاوپەیمانییەکە”.

ئەو بەرپرسەی حکومەتی عێراق جەختی لەوەش کردەوە، “ئەو هێزە ناتوانێت بۆ هەمیشە لە عێراق بمێنێتەوە و پێویستە گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە لە ئامانجەکانیان بکرێت، هاوکات سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنیداوە کە ئەرکی هاوپەیمانییەکە لەم کابینەیەی حکومەتدا کۆتاییدێت”.

بابەتی پێشتر

سودانی رێنمایییەکی دەرکرد؛ سبەی کاتژمێر دوو دەوامی فەرمی لە عێراق کۆتایی دێت

بابەتی دواتر

بڕیاری لەسێدارەدان بۆ چوار لە بكوژانی ئارام عاسی بازرگانی شاری كەركوك دەركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share