سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، رێككەوتنی سیاسی هەیە و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لایەنەكان رەزامەندن كە كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێت.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، بڕیارە لە 9ی ئەم مانگەوە كاروبارەكانی پەرلەمانی عێراق و كۆبوونەوەكان دەستپێدەكاتەوە و یەكەم كاری پەرلەمانی عێراقیش هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمانە كە دەبێت ئەو پۆستە پڕبكرێتەوە و دواتر رێكارەكانی هەمواركردنەوەی یاسای بودجە دەستپێدەكات و هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن بابەتی ئینفاقی فیعلی و پرسی مووچە یەكلابكرێتەوە و ئەو بودجەیەی پشكی هەرێمە لەكاتی خۆیدا و وەك خۆی رەوانەبكرێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی جەختیكردەوە و وتیشی، “رێككەوتنی سیاسیی هەیە و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لایەنەكان رەزامەندن كە هەمواری یاسای بودجە بكرێت و كێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەربكرێت”.