سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی کار و پڕۆژەکانی ئەم هەفتەییەی ستافی قیر و تێکەڵەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “ستافەکەمان پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنێت بە هەموو گەڕەکەکانی سلێمانی”.
لە راگەیەدراوێکدا سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئاماژە بەوە دەکات، “تیمەکانی سەربە سەرۆکایەتیمان لە ستافی قیر و تێکەڵە بەپێی پلان و بەرنامە، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەگەیەنێت بە هەموو گەڕەکەکانی سلێمانی بەبێ جیاوازی”.
لە بەشێکیشیدا کار و پڕۆژەکانی ئەم هەفتەییەی ئەو ستافەی بڵاوکردووەتەوە و ئەوەی خستۆتەڕوو، “ستافەکەمان قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی شەقام و کۆڵانەکانی گەڕەکی بەکرەجۆ بە نزیکەی 29 هەزار مەتر دووجا ئەنجامداوە، هاوکات شەقامی فلکەی دووەمی قڕگە و بەختیاریشیان چاککردووە”.
هەر سەبارەت بە کارەکانی ئەم هەفتەیە شارەوانی سلێمانی دەڵێت، “کاری قیرتاوکردنیان بۆ شەقامی دووڕیانی سەرچنار نزیک دادگای سلێمانی، رێککردنەوە و تێکەڵە رێژکردنی گەرەکەکانی چوارچرا و کەرتی سی و شەشەکان و قڕگە لەگەڵ کۆنکرێتکردنی بەشێک لە کۆڵانەکانی قڕگە لە پشت مزگەوتی فەجر ئەنجامداوە”.