یەكەم دانیشتنی دادگای فیدراڵی عیراق لەسەر بڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر لەبارەی تۆمەتباركردنی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و ژمارەیەك ئەفسەرو پلە باڵای دژەتیرۆر بەڕێوەچوو.
لە دانیشتنەكەی دوێنێی دادگای فیدراڵیدا هەر یەك لە د.چیا زەنگەنە و هێڤار محەمەد پارێزەر و بریكارانی یاسایی دۆسیەی تۆمەتباركردنی وەهاب هەڵەبجەیی و هاوڕێكانی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر و 9 دادوەری دادگای فیدراڵی ئامادەی بوون و لەو بارەیەوە لەو بارەیەوە د.چیا زەنگەنە رایگەیاند: “لە دادگای فیدراڵی تانەمان لەو یاسایە داوە كە بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر و فەرماندەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی پێ تۆمەتباركراوە، كە یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2006 ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە و یاساكە دوای چەندینجار درێژكردنەوەی ماوە یاساییەكەی لە ساڵی 2018 ەوە بەسەرچووە، ئەمە جگە لە ئەوەی پەرلەمانی كوردستانیش لەو كاتەدا لە بۆشایی دەستووریدا بووەو بەپێی بنەما دەستوورییەكان هەر یاسایەك كۆتایی بە ماوە یاساییەكەی هاتبێت، دادگاكان ناتوانن پشتی پێ ببەستن و بڕیاری پێدەربكەن”.
باسیلەوەشکرد، “تانەمان لەناوەڕۆكی بڕیارەكەی دادگای هەولێریش دا، كە هیچ بنەما و بەڵگەیەكی یاسایی تێدا نییە، ئەمە جگە لەوەی رێگری یاسایی بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوی شەهیدكردنی عەقید هاوكار جاف دروستدەكرێت و دۆسیەكە بۆ مەرامێكی سیاسی لە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە تێپەڕیووە، لەكاتێكدا دۆسیەكە كاریگەری زۆری لەسەر ئاشتهوایی لەهەرێم و تەبایی نێوان لایەنەكان دروستكردووە”.
ئاشکراشیکرد، “لە بەغدادەوە بەریگریكاری هەموو ئەو كەسانە دەبین كە بە بڕیاری پارتی و دەزگای پاراستن لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە بە نایاسایی و بە یاسای بەسەرچوو و مەرامی سیاسی بڕیاری نایاساییان بۆ دەرچووە و سزادراون”.