دادگای فیدراڵی داوایەكی دژ بە پێدانی قەرز بە هەرێمی كوردستان رەتكردەوە

دادگای باڵای فیدراڵی

دادگای باڵای فیدراڵی داوای پەرلەمانتارێكی بۆ دەركردنی بڕیار بۆ راگرتنی پێدانی قەرز بە هەرێمی كوردستان رەتكردەوە.

ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڵاویكردەوە، دادگای باڵای فیدڕاڵی داواکاری پەرلەمانتار موستەفا سەنەدی رەتکردەوە بۆ دەرکردنی ئەمری ولائی بۆ راگرتنی کارکردن بە هەردوو بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ ژمارە 23500 و 23520 لە ساڵی 2023 تایبەت بە پێدانی قەرزێک بە بڕی 700 ملیار دینار مانگانە بۆ سێ مانگ بە حکومەتی هەرێم.

پێشتر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بۆ ماوەی سێ مانگ بە بڕی 500 ملیار دینار بۆ هەر مانگێك قەرز بە هەرێمی كوردستان بدات، دواتر لە كۆبوونەوەی یەكشەممەی رابردوو ئەو بڕە بۆ 700 ملیار دینار بەمەبەستی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەرزكرایەوە.

بەر لە دەرچوونی بڕیارەكەی رۆژی یەكشەممەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مستەفا سەنەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، “لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆماردەکەم و رێگری لە پێدانی قەرز دەکەم بە هەرێمی کوردستان”.

پەرلەمانتارەکە وتیشی، “ئەو بڕیارە لەدەرەوەی یاسای بودجەیە و سکاڵا لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تۆماردەکەم”.

لە بەرامبەریشدا کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراقی بۆ راکێشانی هەست و سۆزی هاوڵاتییان و شەقامی خۆیان ئەم جۆرە بانگەشانە دەکەن، بەتایبەتی ئێستا نزیکین لە هەڵبژاردنەکانەوە”.

باسی لەوەکرد، “هەر ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت سکاڵا لەوبارەیەوە تۆمار بکات لە دادگای فیدراڵی و ئەوە بابەتێکی ئاساییە، بەڵام پێدانی قەرز بە هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، تەواو یاسایی و دەستوورییە بۆیە کەس ناتوانێت رێگری لێبکات”.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەو پارەیە بە قەرز رەوانە دەکرێت تاوەکو ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی پشکی هەرێمەوە دەگەنە رێککەوتن، دواتر ئەو قەرزانە پاکتاو دەکرێت.

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی دوو کەس دەستگیرکران کە فێڵیان لە هاوڵاتییان کردبوو

بابەتی دواتر

لەسەر ئاستی زانکۆکانی هەرێم زانکۆی سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share