وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلار بانکی ناوەندی کۆمەڵێک رێککاری نوێی گرتووەتە بەر کە یەکێکیان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە هەر کەسێک پارەی دۆلاری لە بانکەکاندا هەیە گەر بیەوێت بیکێشێتەوە دەبێت بە دیناری عێراقی بێت و بە نرخی بانکی ناوەندی بێت.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەو هەواڵانەی باس لەوەدەکەن کە هەر کەسێک پارەی لە ئاڕتی بانک هەبێت و بیەوێت بیکێشێتەوە بە دیناری عێراقی و بە نرخی بانکی ناوەندی بە 132 هەزار دینار پێیدەدرێتەوە، ئەوە تەنها پەیوەست نییە بەو بانکەوە، بەڵکو بڕیارەکە لە بانکی ناوەندییەوەیە و بەسەر سەرجەم بانکەکانی ناوخۆی عێراقدا سەپێندراوە بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلار”.
ئاشکراشیکرد، “هەروەها بانکی ناوەندی بڕیارێکی دیکەی دەرکردووە، هەر کەسێک لە رێگەی وێسترن یونیەن و مەنی گرام، کە دوو بانکی خێرای جیهانین حەواڵەکانیان بە هەر دراوێکی جیهانی بۆ عێراق بنێرن، پێویستە بە دیناری عێراقی و بە نرخی بانکی ناوەندی لێرە وەربگیرێنەوە”.