ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ئازادكردنی گوهدار زێباری دوادەخات

بەپێی یاسا بڕیاربوو 16ـی ئەم مانگە رۆژنامەنووس گوهدار زێباری ئازادبكرێت، بەڵام بەهۆی بەشداربوونی بەرێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە بۆنەیەكی حزبی و كەسیدا، ئەو رۆژنامەنووسە ئازادنەكرا، نوێنەری زیندانییانی بادینانیش دەڵێت:” ئاسایشی هەولێر نەك گوهداریان ئازاد نەكرد، بەڵكو هاوڕێ و كەسوكارەكەشیان دەستبەسەركرد”.

ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانییانی بادینان بە ماڵپەری فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاند:” نزیكەی 48 كاتژمێر بەسەر كاتی ئازادكردنی چالاكوان و رۆژنامەنووس گوهدار زێباری تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئێستا خانەوادەكەی لەچاوەڕوانی ئازادكردنیدان لە ئاسایشی هەولێر”.

شەوی رابردوو ژمارەیەك لە هاوڕێ و كەسوكاری گوهدار كە لەچاوەڕوانی ئازادكردنیدا بوون، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە بۆ ماوەیەك دەستبەسەركران و ئەو رۆژنامەنووسانەشی كە لەوێبوون كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان دەستیبەسەرداگیرا، ئەمەش تەنها لەپێناو ئەوەی هیچ رۆژنامەنووس و كەسێك ئاگاداری كاتی ئازادكردنەكەی نەبن،” ئەیهان سەعید” وایوت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، ئاسایشی هەولێر بە بڕیاری حزب لەسەر ئەوەی تاپڕێكی كۆن وەك كەرەستەیەكی كەلەپووری لەماڵەكەی گوهداردا بووە، بەنیازە دۆسیەیەكی نوێ لەسەر ئەو رۆژنامەنووسە بكاتەوە، لەكاتێكدا لەسەر ئەو تاپڕە پێشتریش سزادراوە.

ئەیهان وتیشی:”رۆژنامەنووس گوهدار نزیكەی 48 كاتژمێر لەلای ئاسایشی هەولێرە و چاوەڕوانی ئازادكردنەكەی دەكرێت، بەڵام دوێنێ كە 16ی ئاب بوو، بەهۆی بەشداریكردنی بەرزان قەساب بەرێوەبەری ئاسایشی هەولێر لە ئاهەنگی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی ئازادكردنەكەی دواكەوت، تا ئێستاش ئازاد نەكراوە”.

رۆژنامەنووس و چالاكوان گوهدار زێباری یەكێكە لە سزادراوانی دۆسیەی زیندانییانی سیاسیی بادینان كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارتییەوە لە 22ی 10ی 2020 زیندانیكران.

بابەتی پێشتر

کەشناسیی هەرێم کاتی بارانبارینی ئاشکراکرد

بابەتی دواتر

وتەبێژی وەزارەتی دارایی: هەر كاتێك بەغداد پارە بنێرێت دەست بە دابەشكردنی مووچە دەكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share