مەرجی بەغداد بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشكرادەكرێت

حكومەتی ناوەند مەرجی چارەسەركردنی كێشەكانی لە بەرامبەر ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی دیاریكردووە و ئەوەشی بە شاندی هەرێم راگەیاندووە.

سەرچاوەیەكی بەرپرس رایگەیاند، حكومەتی ناوەند مەرجی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوو حكومەتی بەسەر شاندی هەرێمدا سەپاندووە، نەك تەنها بەڕێكردنی كاروبارەكان، بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

سایتی بەغداد لیەوم-ی عێراقی لە زاری سەرچاوەكەوە ئەوەشی وت، “حكومەتی ناوەند رایگەیاندووە ئەگەر كوردستان رەزامەندبێت لەسەر تەواوی مەرجەكان، لە بەرامبەردا ناوەند لە كۆتایی هەفتەی داهاتوودا مووچەی فەرمانبەران دەخاتە ئەژماری بانكیی تایبەت بە هەرێم “.

شەوی رابردوو شاندێكی حكومەتی هەرێم گەیشتە بەغداد و كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ شاندی حكومەتی بەغداد ئەنجامدا.

وتەی سەرچاوەكە لەكاتێكدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شاندی حكومه‌تی هه‌رێم راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا.

ئەوەشی خستەڕوو، “كۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ واژوو كرا و بڕیاروایه‌ ده‌ستبه‌جێ تمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت”.

بابەتی پێشتر

شاندی هەرێم و بەغداد لەبارەی مووچە و بودجەوە رێککەوتن

بابەتی دواتر

نرخی نەوت بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share