لەبارەی یاخیبوونەكەی گروپی ڤاگنەرەوە سەرۆكی روسیا رایدەگەیەنێت، ئەوەی لە وڵاتەكەی روودەدات خیانەتی نیشتمانییە.
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی روسیا ئەمڕۆ وتارێكی پێشكەشكرد و تیایدا باری نائاسایی لە وڵاتەكەییدا راگەیاند و وتی، “ئەوەی روودەدات یاخیبوون و خیانەتی نیشتمانییە”.
ئەوەشی خستەڕوو، رێوشوێنی توندیان بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری لە رۆستۆڤ گرتووەتەبەر و رێگەش نادەن شەڕی ناوخۆیی رووبدات، لەگەڵ ئەوەشدا بەڵێنیدا “وەڵامدانەوەی توندمان دەبێت بۆ ئەو یاخیبوونە چەكدارییە”.
بەیانیی ئەمڕۆ یەفگینی بریگۆژین، سەركردەی گروپی ڤاگنەری روسی رایگەیاند، چوونەتە بارەگای گشتی فەرماندەیی سوپای روسیا لە شاری رۆستۆڤ، كە بە بنكەیەكی سەرەكیی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆكرانیا دادەنرێت و، دەستی بەسەر چەند مۆڵگەیەكی سەربازیدا گرتووە لەوانەش فڕۆكەخانە.
بریگۆژین لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە لە تێلگرام بڵاویكردەوە دەڵێت، “ئێمە لە بارەگای گشتی-ین، كاتژمێر 07:30ی بەیانییە” و ئەوەش دەڵێت، “مۆڵگە سەربازییەكان لە رۆستۆڤ لەژێر كۆنتڕۆڵدان، لەنێویشیاندا فڕۆكەخانە”. لەكاتێكدا كەسانێك بە جلوبەرگی سەربازییەوە لە پشتییەوە دەڕۆن.
لەكاتێكی پێشتردا سەرۆكی گروپەكە سوپای روسیای تۆمەتباركرد بە بۆردومانكردنی سەربازگەی هێزەكانیان لە ئۆكرانیا، كە بووە هۆی كوژرانی ژمارەیەكی زۆری چەكدارەكانی و، بەڵێنی تۆڵەكردنەوەیدا.
یەفگینی بریگۆژین ئەو هەڕەشەیەی لە نامەیەكی دەنگیدا نارد كە نووسینگەكەی بڵاویكردەوە و تیایدا دەڵێت، “بۆردومانیان كردین، بۆردومانی مووشەكی، بۆسەر سەربازگەكانمان لە پشتەوە. ژمارەیەكی زۆری چەكدارەكانمان كوژران”. هەروەك بەڵێنی وەڵامدانەوەی ئەو بۆردومانە دەدات و دووپاتیدەكاتەوە، سێرگی شویگۆ-ی وەزیری بەرگریی روسیا فەرمانی بۆردومانەكەی داوە.
لە بەرامبەردا وەزارەتی بەرگریی روسیا بانگەشەكانی بریگۆژین-ی رەتكردەوە و رایگەیاند، سوپای روسیا سەربازگەكانی ڤاگنەر بۆردومان ناكات.