ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا تاوتوێی چەند پرسێک دەکات، لێکەوتەکانی بودجەی گشتیی عێراق لەسەر هەرێم یەکێک لە تەوەرەکانی دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجامدەدات.
تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بریتییدەبن لە:
تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دواپێشهاتە پەیوەندیدارەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی عێراق و لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان.
لە تەوەری دووەمدا، باس لە ڕەشنووسی ئەو پرۆژەیاسا و پەیڕەوانە دەکرێت کە تاکوو ئێستا دەنگدانی کۆتاییان لەسەر نەکراوە.
تەوەری سێیەم تایبەت دەبێت بە بابەتی کاراکردنەوەی لیژنەی جێبەجێكردنی ماددەی 140 لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق.
لە تەوەری چوارەیشدا، بابەتی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لەلایەن هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخرێنە ڕوو.