خوێندنی باڵای هەرێم لەبارەی دامەزراندنەوە روونكردنەوە دەدات

وەزارەتی خوێندنی باڵا

وەزارەتى خوێندنى باڵاى هەرێم خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکان ئەوانەی دانیشتووى ناوچەکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستانن ئاگاداردەکاتەوە دەتوانن کۆدەکانیان لە زانکۆکانی خۆیان وەربگرنەوە.

د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەرى گشتیى کارگێڕى و دارایى لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، دواى ئەوەى لە ماوەى رابردوو لەسەر داواى حکومەتى عێراق، وەزارەتیان لیستى ناوى سێ یەکەمەکانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و هەڵگرانی بروانامەی باڵا، دەرچووانى بەشە پزیشکى و تەندروستییەکان کە تاکو ئێستا دانەمەزراون و دانیشتووى پارێزگاکانى دەرەوەی هەرێمى کوردستانن، لە ڕێگەى نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێم لە بەغداد بۆ وەزارەتى خوێندنى باڵاى عێراق رەوانەكرد، دواتر ئاراستەى ئەنجومەنى راژەى حکومەتى عێراقى کرا بۆ ئەوەى QR کۆدیان بۆ دروستبکرێت.

وتیشى، “لەئێستادا کۆدى دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاکان کە ژمارەیان (222) دەرچووە و سێ یەکەمەکان کە ژمارەیان هەزار و 853 دەرچووی زانكۆكان و دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمن، لە وەزارەتەوە نێردراوە بۆ هەریەک لە زانکۆکانیان، بۆ ئەمەش دەرچووان دەتوانن لە زانکۆکانیان کۆدەکانیان وەربگرنەوە”.

بەڕێوەبەرە گشتییەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، پێوست ناکات هیچ یەکێک لە خاوەن بڕوانامە باڵاکان و سێ یەکەمەکان بۆ ئەو بابەتە سەردانی وەزارەت بکەن، چونکە کۆدەکانیان لە وەزارەتەوە بۆ زانکۆکانى هەرێمى کوردستان نێردراوە و دەرچووان دەتوانن لە زانکۆکانیان وەریبگرنەوە.

بابەتی پێشتر

روونكردنەوەیەك لە هاتوچۆی گەرمیانەوە

بابەتی دواتر

لە چەمانكێ بۆمبێكی گەورە تەقێندرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share