بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەبۆنەی یادی 19 ساڵەی کۆچی دوایی دارۆ شێخ نورییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە، جەختدەکاتەوە کە یەکێتی سەرکردە و شۆڕشگێڕەکانی لەیادناکات.
لە پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتووە، “کاک دارۆ یەکێکبوو لە سەرکردە خۆنەویست و دڵسۆزەکانی کوردستان و ژیانی خۆی لەپێناو گەل و سەرخستنی شۆڕشی نوێدا تەرخانکردبوو، هەر ئەمەش وایکردبوو متمانە و خۆشەویستی سەرۆک مام جەلال بەدەستبهێنێت”.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەو نەک هەر خۆی، بەڵکو خانەوادەکەشی نموونەی خەبات و قوربانیدان بوون و خاتوو نەرمین عوسمانی هاوژینیشی، ژنە شۆڕشگێڕێکی ئازا و بەئەمەکی کوردستان بوو کە تاوەکو ئێستاش لە خەبات بۆ بەدیهێنانی مافەکانی کورد بەردەوامە.
جەخت لە وەفای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکاتەوە بۆ شۆڕشگێڕەکانی و رایگەیاندووە، “ئێمە سەرکردە و شۆڕشگێڕەکانمان لەیادناکەین و یاد و یادەوەرییان هاندەرمان دەبن بۆ بەردەوامی و خەباتمان لەپێناو سەرفرازیی کورد و کوردستاندا”.