لەگەڵ بەردەوامی دابەزینی نرخی لیرە هۆشداری لە سیاسەتەکانی ئەردۆغان دەدرێت

ئەمڕۆ سێشەممە بەهای لیرەی تورکی دابەزی بۆ نزمترین ئاست کە 20.2 لیرەی تورکی بوو بەرامبەر بە دۆلار، ئەمەش درێژە بە زنجیرە دابەزینەکانی دوای راگەیاندنی سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە دووەمین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە رۆژی یەکشەممە بەڕێوەچوو.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی لیرە بەڕێژەی 0.5% دابەزیوە لەچاو ئاستی داخستنی دوێنێ دووشەممە، بە 20.0990 لیرە بۆ هەر دۆلارێک، ئەمەش خراپترین ئاستی رۆژانەی لەماوەی هەشت مانگدا تۆمارکردووە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە لیرە بەڕێژەی 7.3% دابەزیوە، لەکاتێکدا لە ماوەی دەیەی رابردوودا زیاتر لە 90%ی بەهای خۆی لەدەستداوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئابووری بە خولەکانی بووژانەوە و دابەزین و هەڵاوسانی زۆر و ناجێگیردا تێپەڕیوە.

بەپێی رۆژنامەی ” فاینانشیاڵ تایمز “ی بەریتانی، زۆرێک لە ئابووریناسان دەڵێن، سیاسەتەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ کەمکردنەوەی رێژەی سوود و رێوشوێنە بەپەلەکان بۆ پاڵپشتیکردنی دراو ناتوانێت بەردەوام بێت لەگەڵ دابەزینی خێرای یەدەگی دراوی تورکیا.

یەدەگی تورکیا لەمساڵدا نزیکەی 27 ملیار دۆلار دابەزیوە، لەکاتێکدا وڵاتەکە هەوڵیداوە پاڵپشتی لیرە بکات.

داتا فەرمییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەدەگی ئەو وڵاتە بە دراوی بیانی و زێڕەوە کەمێک لە سەرووی 101 ملیار دۆلارەوەیە.

بەڵام بەپێی جەی پی مۆرگانی ئەمریکی، یەدەگی پاک کە ژمارەیەکە کە ئیلتزاماتەکان ناگرێتەوە، لە ڕاستیدا سفرە، کە ئەمەش زۆر نێگەتیڤە کاتێک دەیان ملیار دۆلار لە پارەی قەرزکراو لە سیستەمی بانکی ناوخۆیی دەربهێنیت.

راستەوخۆ دوای بردنەوەی لە خولی دووەمی رۆژی یەکشەممەدا بە ڕێژەی 52%، ئەردۆغان پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە کە سیاسەتی کەمی رێژەی سوود دەپارێزێت، سەرەڕای ئەوەی هەڵاوسان لە 40% تێپەڕیوە.

سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانەکانی پێشوودا رایگەیاند، رێژەی سوودی سەرەکی بانکی ناوەندی بۆ 8.5% کەمکراوەتەوە و دەبینن هەڵاوسانیش بە هەمان شێوە کەمدەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەهێشتنی کێشەی گرانی نرخەکان کە بەهۆی هەڵاوسانەوە دروست دەبێت و لەدەستدانی خۆشگوزەرانی بەپەلەترین بابەتەکانی رۆژانی داهاتوون، بەڵام تا ئێستا هیچ وردەکارییەکی لەبارەی پلانەکەیەوە نەخستووەتەڕوو.

وەبەرهێنەرانیش نیگەرانن لە بەرامبەر 121 ملیار دۆلار کە تورکەکان خستویانە سەر حسابی پاشەکەوتی تایبەت کە لە ئەگەری دابەزینی لیرەدا لەسەر حیسابی حکومەت دەدرێتەوە.

ئەم ڕێوشوێنە ڕێژەی کڕینی دراوی بیانی تورکەکانی خاوکردەوە، بەڵام نورەدین ئەلنەباتی، وەزیری دارایی تورکیا رایگەیاند، ئەو هەژمارانە لە ساڵی 2021ەوە نزیکەی 95.3 ملیار لیرەی تورکی کە دەکاتە 4.7 ملیار دۆلاری تێچووە بۆ وڵاتەکەی.

بە وتەی شارەزایان، ئەگەر لە چەند هەفتەی داهاتوودا نرخی لیرە خێراتر دابەزێت، رەنگە زیانی دارایی گشتی بە خێرایی زیاد بکات، سەرەڕای ئەوەش شرۆڤەکارانی ئابووری پێیان وایە رەنگە ئەردۆغان بتوانێت حساب بۆ پارەدارکردنی نوێ لە هەندێک هاوپەیمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و روسیا بکات.

ئەردۆغان هەفتەی رابردوو رایگەیاند، دەوڵەتانی کەنداو، کە ناوی نەهێناوە، پارەیان بۆ یارمەتیدانی سەقامگیرکردنی بازاڕەکانی تورکیا تەرخانکردووە، بەڵام وردەکاریی زیاتری نەخستەڕوو.

 

 

بابەتی پێشتر

حاڵەتەکانی هەوکردنی پەردەی مێشک رووی لە دابەزین کردووە

بابەتی دواتر

موسەننا ئەمین: نەوەی نوێ هیچ وەرەقەیەکی بۆ ئێمە نەهێناوە تا ئیمزای بکەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share