شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتی نۆژەنكردنەوەی شەقامەكانی دەستپێكردووە و وتەبێژەكەشی لەبارەی پارەی تەرخانكراو بۆ پڕۆژەكە دەڵێت، ئەو بڕەی دابیندەكرێت كەمترە لە بڕی پێویست.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەڵمەتی قیرتاوكردنەوەی شەقامەكان دەستیپێكردووە و بەردەوامە.
وتیشی، “هەڵمەتەكە لە ئێستادا بریتییە لە نوێكردنەوە و چاككردنەوەی شەقامەكان، سەرەتا ئەو شەقامانە دەگرێتەوە كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە و شەقامی گشتین و زۆرترین هاوڵاتی بەكاریدەهێنن”.
بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكەش بەپێی ئەو پلانە دەبێت كە بەشی پرۆژەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی دایناوە، وەك ئەوەی زەردەشت رەفیق ئاماژەی پێدا.
سێشەممەی رابردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاری خەرجكردنی بڕی 94 ملیۆن و 600 هەزار دینار بۆ دابینكردنی قیری شل بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بە شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی راگەیاند.
لەبارەی بڕیارەكەوە وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی وتی، “پارەكە لەسەر داهاتی شارەوانی و بەپێی ئەو بڕە دەبێت كە لە بەردەستدایە” ئەوەشی وت، “سلێمانی هەموو كاتێك پێویستی بە بڕی زۆرتر هەیە، ئەوەی دابیندەكرێت لە خواستی شارەوانیدا نییە”.