نرخی نەوتی خاو دابەزی و چین و ئەمریكا هۆكارن، بەوەش ئەمڕۆ بەرمیلێك نەوتی برێنت لە خوار 74 دۆلارەوەیە.
لە دوایین گۆڕانكارییەكانی بازاڕی وزەدا، نەوتی خاوی برێنت نزیكەی نیو دۆلاری نرخەكەی لەدەست دا و بەرمیلێكی بە 73.74 دۆلار مامەڵەی پێوەدەكرێت، لە كاتێكدا نەوتی خاوی تێكساس 37 سەنتی نرخەكەی دابەزیوە و بەرمیلێكی بە 69.67 دۆلارە.
هۆكاری دابەزینی ئەمجارەی نرخی نەوت، ترسی سەرهەڵدانی قۆناغێكی كەمبوونەوەی خواست لەسەر سووتەمەنییە لە ئەمریكا و چین، كە دوو گەورەترین بەكاربەری نەوتی خاو و بەرهەمەكانین لە جیهاندا.
زۆرێك لە چالاكییەكانی پیشەسازی پشت بە نەوتی خاو و بەرهەمەكانی دەبەستن، هەر جۆرە پاشەكشەكردنێك لەو چالاكییانەدا، كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕی وزە و نرخی نەوت دەبێت، وەك ئەوەی لە چوار ساڵی رابردوودا لە چین روویدا، كە بەهۆی كەمبوونەوەی چالاكییەكانی ئابورییەوە لە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا و پەیڕەوكردنی كەرەنتینەوە لەو وڵاتەدا، نرخی نەوتی خاو زنجیرەیەكی درێژی بەرزی و نزمیی بەخۆیەوە بینی.