سەرچاوە عێراقییەكان ڕایدەگەیەنن، گروپی چەكداریی (سەرایا خوراسانی) بە ڕەزامەندی لایەنی ئێرانی هەڵدەوەشێندرێتەوە و ئەو هەنگاوەش چەند گروپێكی دیكەش دەگرێتەوە.
بەرپرسێكی حكومیی عێراق و سەرچاوەیەكی نزیك لە دەستەی حەشدی شەعبی ئەو هەنگاوانەیان ئاشكراكرد كە سەبارەت بە دەستگیركردنی سەرانی گروپی (سەرایا خوراسانی) و دابەشكردنی چەكدارەكانی لەماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا گیراوەتەبەر.
سایتی (عەرەبی جدید) ئەمڕۆ یەكشەممە 20ی كانونی یەكەم لەسەر زاری سەرچاوەكانەوە ئاشكرایكرد، ئەو بڕیارە لەمیانەی ئەو كۆبوونەوە داخراوەدا بووە كە لە 18ی تشرینی دووەمی ڕابردوو لەنێوان مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپاسی پاسدارانی ئێران لە بەغداد بەڕێوەچووە.
لەو سەردانەدا كە تیایدا قائانی لەگەڵ سەركردە سیاسی و چەكدارییەكاندا كۆبووەتەوە، وەك ئەوەی سەركردە سیاسییەكان و سەرچاوەكانی نزیك لە حەشدی شەعبی ئاماژەیان پێدا و دواتریش لە 5ی ئەم مانگە ئیرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە بەغداد بۆ میدیاكانی وڵاتەكەی پشتڕاستكردەوە.
ئەنجامەكانی دیدارەكە هەفتەی ڕابردوو دەركەوتن دوای ئەوەی هێزەكانی (ئاسایشی حەشد)، باڵی ئاسایشی ناوخۆی دەستەی حەشدی شەعبی، هەریەك لە عەلی یاسری، سەرۆكی میلیشیای سەرایا خوراسانی و حامد جەزائیری، یاریدەدەریان دەستگیركرد لەگەڵ نزیكەی 40 كەسی نزیكیان.
لە هەڵمەتەدا سێ بارەگای گروپەكە لە كەرادە داخران و سەرجەم ئەوانەی لەناویدابوون دەستگیركران. لەسەر هەڵمەتەكەش دەستەی حەشدی شەعبی بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە ئەو بارەگایانە داخراون كە “پێچەوانەی ڕێوشوێن و ڕێنماییەكان” بوون و ئاشكراشیكرد كە داخستنەكە شەش بارەگای لە هەردوو گەڕەكی كەرادە و چادرییە لە بەغداد گرتووەتەوە.
سەرایا خوراسانی باڵێكی سەربازی هەیە كە لە ساڵی 2015ەوە هاوشانی چەكدارانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا دەجەنگن، جگە لەوەی لە ڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبار بەدرێژایی سنووریی سوریا بڵاوەیانپێكراوە. پێشتر تۆمەتی لەناوبردنی تایفی و دزین لەنێو ماڵی شارە ئازادكراوەكانی عێراقیان خرایەپاڵ، جگە لە تێوەگلانیان بە كردەكانی سەركوتكردن كە دەرهەق بە خۆپیشاندەران لە مانگەكانی ساڵی ڕابردوو ئەنجامدران.
سایتەكە لەسەر زاری بەرپرسێكی دیار لە بەغداد، كە ناوی نەهێناوە، دەڵێت، هەڵوەشاندنەوەی سەریا خوراسانی، هەڵوەشاندنی گروپی دیكەی بەدوادادێت، جگەلە ونبوونی چەند گروپێكی دیكە بەشێوەیەكی پلەبەند لە میدیاكاندا و نەمانی تەواوەتییان.
وتیشی، “لێكتێگەیشتن هەیە لەنێوان كازمی و فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەك و، لەگەڵ قائانی لەلایەكی دیكە، لەسەر پێویستی چارەسەركردنی ئەو پشێوییەی لەنێو گروپە چەكدارییەكانی ئێستادا هەیە، بۆ وەستاندنی جیابوونەوەی میلیشیاكان و دامەزراندنی گروپی چەكداریی و ڕوبەڕوبوونەوەی دەوڵەت و یاسا”.
هاوكات سەرچاوەیەكی نزیك لە حەشدی شەعبی ڕایگەیاند، “ئێران گلۆپی سەوزی داگیرساندووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی پشێووی گروپە چەكدارییەكانی ناو عێراق، لەڕێی هەڵوەشاندنەوەی گروپە یاخی و كۆنتڕۆڵنەكراوەكان و تێكەڵكردنی چەكدارەكانیان لەنێو لیواكانی حەشدی شەعبی-دا”.