مەلا عەلی کەڵەک، کە خۆی وەک دکتۆرێکی “چارەسەری نەبەوی” دەناسێنێت، دوێنێ داوایەکی ئاڕاستەی ئیبراهیم تاتڵیساس کردبوو کە بە مەرج دەتوانێت چارەسەری بکات، ئێستا وەک خۆی دەڵێت کونسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر وەڵامیانداوەتەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێردراوە تێیدا هاتووە، “پاش کەمتر لە 24 کاتژمێر لە دوای ئەو پۆستەی مامۆستا عەلی مەحمود، کە ڕایگەیاندبوو ئامادەی خۆی دەربڕی بەدوو مەرج هونەرمەند ئیبراهیم تاتڵیساس چارەسەر دەکەم ،ڕاستەوخۆ کونسولخانەی تورکیا پەیوەندییان بە مامۆستا عەلییەوە کردووە، کە دەیانەوێت دانیشتن بکەن لەسەر شێوازی چارەسەر و یەکتربینینی هەردوولا”.
مەلا عەلی کەڵەک ڕایگەیاندووە، کە ئەو ئێستاش ئامادەیە بەودوو مەرجەی پێشتر ڕایگەیاندووە چارەسەری ئیبراهیم تاتڵیساسی هونەرمەند بکات کە مەرجەکانیش بریتیبوون لە “تۆبەکردن و پەشیمان بوونەوە لەوەی حاشای لە کوردبوونی خۆی کردووە”.
مەلا عەلی کەڵەک پێشتر لە ناحیەی کەڵەکی نزیک شاری هەولێر دەرمانخانە و ناوەندی چارەسەری پزیشکی ئاینیی هەبوو، بەهۆی ئەوەی دانانی چارەسەرەکانی لەگەڵ بنەمای کارکردنی پزیشکی و وەزارەتی تەندروستیی هەرێم یەکیان نەدەگرتەوە، نۆرینگەکەی داخرا، دوای ئەوە لە چەند وڵاتێکی جیهانەوە دەرکەوتەوە لەوانە سعودییە و ئیمارات و پاشان بەریتانیا.