حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، ھەرێمی کوردستان تەنھا دەتوانێت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە نەوتەکەی بفرۆشێت و پێشتر تێچووی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێم سێ هێندەی تێچووی ھەناردەكردنی نەوتی عێراق بووە.
لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی فەرمیی حكومەتدا، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق باسی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كرد و جەختیكردەوە كە بەپێی رێککەوتنی نێوان ھەولێر و بەغداد، ھەرێمی کوردستان تەنھا دەتوانێت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە نەوتەکەی بفرۆشێت و بەغداد چاودێریی داهاتەكەی دەكات.
وتیشی، “بانکی ناوەندی ھەژمارێکی بانکی بۆ داھاتی نەوتی هەرێم دەکاتەوە و پابەندە بە دابینکردنی سەرجەم شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و ھاوڵاتییانی ھەرێم، هەژمارە بانكییەكەش لەژێر چاودێریی حکومەتی عێراق و دیوانی چاودێریی داراییدا دەبێت”.
وەزیری نەوتی عێراق ئاشكراشیكرد، پێشتر کرێی گواستنەوەی نەوتی هەرێم سێ هێندەی تێچووی گواستنەوە و هەناردەكردنی نەوتی عێراق بووە، بەڵام لەمەودوا بە هەمان نرخ و تێچوو نەوتی هەرێم دەگوازرێتەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر زیادبوونی داھات دەبێت و وتی، “ئەگەر داهاتی نەوتی هەرێم كەمتربوو لەو بەشەی لە بودجەدا بۆ هەرێم دیاریكراوە، ئەوا بەغداد بۆی زیاددەكات و ئەگەریش داهاتەكە زیاتربوو، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی فیدراڵی”.