شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی کەسایەتی و سیاسەتمەداری کورد رایگەیاند، 135 رۆژە بەرپرسی پاسەوانەکانی لە زیندانەکانی دەسەڵاتی ھەولێردایە و تاوانی ئەوەیە دۆست و برایەتی.
شێخ ئەدهەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی کەسایەتی و سیاسەتمەداری کورد لە پەیامێکدا بڵاویکردەوە، “برای خوشەویست و ھاوڕێی 30 ساڵەییمان بەرپرسی پاسەوانەکانم فەرماندەی قارەمان و خۆڕاگر فەرید عەبدولعەزیز بازی کە بۆ ماوی 135 رۆژ لە زیندانەکانی دەسەڵاتی ھەولێردایە تەنھا و تەنھا تاوانی ئەوەیە کە برا و دۆستی ئێمەیە ھەرچەند رۆژ جارێک لە لایەن (د)ناوێک ئاگاداردەکرێتەوە کە ئەگەر واز لەو پەیوەندیانەی کە لەگەڵ من هەیەتی بهێنێت ئازاد دەکرێت و پلە و پۆستیشی پێدەبەخشن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “من کە ئەم بابەتە دەخەمە پێش چاوی ھەموولایەک، ھیچ دوژمنایەتییەک و کێشەی کەسیمان لەگەڵ هیچ کەس و لایەنێکدا نەبووە و نییە تەنها و تەنها خاوەنی هەڵوێستە تایبەتی و نیشتیمانپەروەریەکانی خۆم دەبم و بووم”.
ئاشکراشیکرد، “لەپێناو هەڵوێستەکانم ماوەی 294 رۆژە گەڕانەوەم بۆ زێدی باوباپیرانم و خاکی نیشتمان و ناو ھاوڵاتییانی خۆم و ماڵ و مناڵەکانم لێ قەدەغە کراوە، ئایا ئەمەیە دەسەڵاتداری و ئازادی و دیموکراسی و رێزگرتن لە مافی نێشتەجێبوونی ھەر مروڤێک کە بەپێ دەستوور بۆ ھەموو ھاوڵاتییانی دەستەبەر کردووە؟”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، “داوای ئازادی بێ مەرجی بەپەلە بۆ فەرماندە فەرید عەبدولعەزیز بازی و سەرجەم بەناحەق زیندانیکراوان و رێزگرتن لە کەرامەت و شکۆی ھەموو چین تۆێژ و بیروباوەڕە جیاوازەکان و نەتەوە و ئاینزاکان دەکەم، ھەندێک لە دەوڵەتان دوای 32 ساڵ ئێستا دەزانن لەم وڵاتە چی دەگوزرێت، بەڵام ئەمەش ھەر باشە”.