بەڕێوەبەرایەتیی كوالێتیی كۆنتڕۆڵی دەرمان رایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەك دەرمانی خراپبوو و بێ كوالێتی ناهێندرێتە هەرێمی كوردستان و جەختیشدەكاتەوە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدۆیەكی پزیشكێك بەناوی د. عەتیە كە باسی ناردنی دەرمانی فڕێدراو دەكات لەلایەن كۆمپانیایەكی دەرمان لە وڵاتی ئوردن لە ساڵی 2005 كە گوایە لەبری ئەوەی فڕێبدرێت نێردراوە بۆ هەرێمی كوردستان هیچ بنەمایەكی نییە و ئەم جۆرە لێدوانانە دڵەراوكێ و شڵەژانی دەروونی و بێمتمانەیی دروستدەكات.
بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی كۆنترۆڵی دەرمانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی هەرێم كە تێدا هاتووە، ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی كوالێتیی كۆنتڕۆڵی جۆری هاوڵاتییان دڵنیادەكەینەوە كەوا ڕێكارەكانی هاوردەكردن و هێنانی دەرمان بە فەرمی و یاسایی بە زنجیرەیەك رێكاری زانستی و تۆماركردن و دڵنیابوونی سەرچاوە و كارگەی بەرهەمهێنان و پشكنینی تاقیگەیی ورد دادەڕوات دواتر ڕێگە بە هاوردەكردن و پێدانی مۆڵەتی بەكارهێنان دەدرێت و مەحاڵە لەئێستادا هەر دەرمانێك بە فەرمی مۆڵەتی بەكارهێنانی پێبدرێت ئەگەر تەواوی ڕاستی و دروستی كوالێتی نەبێت.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەم بەڕێزەش پێویستە ئەم بابەتە پشتڕاستبكاتەوە و هەموو ڕاستی و دۆكیومێنتی ئەو قسانە بسەلمێنێت تاوەكو بەرچاو روونیمان هەبێت و سوپاسی هەر كەس و لایەنێك دەكەین هاوكارمان بێت بۆ دۆزینەوەی هەر دەرمانێكی بێ كوالێتی و نافەرمی و هەر گومانێك كە هەبێت، بەپێچەوانەوە رێكاری یاسایی دەگیرێتە بەر لە بەرامبەر فڕێدانی قسە و دروستكردنی گومان و دڵەڕاوكێ و لاوازكردنی متمانەی هاوڵاتییان و دەبێت ئەم بەڕێزە بەپرسیار بێت لەبەرامبەر یاسا و دادگا و وەڵامی ڕای گشتی و بەرژەوەندیی نەخۆش بدرێتەوە چی دیكە قبووڵ ناكرێت بە قسەو پڕوپاگەندەی بێبنەما سەر لە هاوڵاتی و نەخۆش بشێوێندرێت و ترس و دڵەڕاوكێ دروستبكرێت و غەدر لە نەخۆش بكرێت.