نرخی ئەمپێری موه‌لیدەی مانگی رابردوو دیاریكرا

بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی کارەبای سلێمانی نرخی ئەمپێری کارەبای بۆ مانگی رابردوو دیاریکرد، بەپێی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکان نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 15 بۆ 16 هەزار دینار دەبێت.

لە راگەیەندراوێکدا کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان كۆبووه‌وه‌، به‌پێی نرخی گازوایل نرخی كاتژمێرێك ئەمپێری موه‌لیدە بە 57 دینار دیاریكرا، به‌ تێكڕایی موەلیدە ئه‌هلییه‌كان لە مانگی رابردوودا لەنێوان 260 بۆ 280 كاتژمێر كاریان كردووە.

لە راگەیەندراوکەدا هاتووە، نرخی ئەمپێرێك كاره‌با لەنێوان 15.000 بۆ 16.000 دینار دەبێت و نرخی ئەمپێرێكیش لە گەڕەكێك بۆ گەڕەكێكی دیكه‌ جیاوازە، بەهۆی ئەوەی بەپێی ئه‌و پێوه‌ره‌ هه‌ژمارده‌كرێت كه‌ بۆ موه‌لیده‌كان دانراوه‌ و كاتژمێری كاركردنیان تۆمارده‌كات.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو موەلیدانەى کە بەرنامەى کارکردنیان لە کاتژمێر 7:00ى بەیانى بۆ 1:00ی شەو بووە، نرخى ئەمپێریان لە نێوان 19.000 بۆ 20.000 هەزار دینارە.

سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی كاركردنی موه‌لیده‌كان، به‌یانیان له‌ كاتژمێر 6:30 بۆ 8:00 ده‌بێت هه‌روه‌ها له‌ كاتژمێر 1:00 ی پاشنیوه‌ڕۆ تا كاتژمێر 1:00 ی شه‌و له‌ كاتی نه‌بوونی كاره‌بای نیشتمانی پێویسته‌ كاره‌با بدرێت به‌ هاوڵاتییان.

پێویستە پاش كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی 10 خولەك زیاتر بەسەر كارپێكردنی موه‌لیدە تێنەپەڕێت، بەپێچەوانەوە سەرپێچیكار روبەڕوی یاسا دەكرێتەوە.

بابەتی پێشتر

تورکمانەکان: نوێنەرەکانمان لە پەرلەمان حزبێکی سیاسی بەکاریاندەهێنێت و نوێنەری ئێمە نین

بابەتی دواتر

کەشناسی: ئەمڕۆ باران دەبارێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share