راگەیەندراوێك لە سەرۆك و تیمی وەزاریی یەكێتی لە كابینەی نۆیەم

سەرۆك و تیمی وەزاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، راگەیەندراوێكی لەبارەی كێشه‌ و قه‌یران و ناكۆكییه‌كانی هەرێمی كوردستان و گرفت و قەیرانەكانی ناو حكومەت بڵاوكردەوە و دەڵێت، “چاوه‌ڕوان بووین بۆ یه‌ك جار سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم قسه‌ بكات، چاوه‌ڕوان بووین په‌یامه‌كه‌ى ده‌ستپێشخه‌رى بێت بۆ چاككردنى دۆخى ژیانى هاوڵاتییان و كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌كانى نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو حکومەت بێت، به‌داخه‌وه‌ وانه‌بوو”.

راگەیەندراوەكەی سەرۆك و تیمی وەزاریی یەكێتی لە كابینەی نۆیەم جەختدەكاتەوە، “ئێمە گلەیی و هەڵوێستمان هەبووە لە کردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم کابینەیە کە مەسرور بارزانی سەرۆکیەتی. گلەییەکانیشمان هی خەڵکن. پەیوەندییان بە شێوازی حوکمڕانییە، پەیوەندییان بە خراپی خزمەتگوزارییە. پەیوەندییان بە نادادپەروەرییە لە نێوان شارێک بۆ شارێکی تر”.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، “بەڕێز سەرۆکی حکومەت، لە جیاتی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی کەرەستەی حکومەت بخەرەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌كانى سووته‌مه‌نى، كاره‌با، نه‌وتى سپیی ماڵان، غاز، گرانیى بازاڕ و دابینکردنی دەرمان بۆ هاوڵاتییان”.

دەقی راگەیەندراوەكە:-

بە‌داخه‌وه سه‌ره‌ڕاى بوونى دنیایه‌ك كێشه‌ و قه‌یران و قووڵبوونه‌وه‌ى زیاترى ناكۆكییه‌كان، چاوه‌ڕوان بووین بۆ یه‌ك جار سه‌رۆكى حكومه‌ت وه‌ك سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم قسه‌ بكات، چاوه‌ڕوان بووین په‌یامه‌كه‌ى ده‌ستپێشخه‌رى بێت بۆ چاككردنى دۆخى ژیانى هاووڵاتیان و كۆتاییهێنان به‌ كێشه‌كانى نێوان هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی ناو حکومەت بێت، به‌داخه‌وه‌ وانه‌بوو، ئێمە چاوەڕیی هەڵوێستێک بووین کە هەوڵێک بێت بۆ نزیکبوونەوەی لایەنەکان بەتایبەت یەکێتی و پارتی کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی چارەنوسساز لەنێوانیادا.

ئێمە گلەیی و هەڵوێستمان هەبووە لە کردەوە و شێوازی ئیدارەدانی ئەم کابینەیە کە مەسرور بارزانی سەرۆکیەتی. گلەییەکانیشمان هی خەڵکن. پەیوەندییان بە شێوازی حوکمڕانییە، پەیوەندییان بە خراپی خزمەتگوزارییە. پەیوەندییان بە نادادپەروەرییە لە نێوان شارێک بۆ شارێکی تر. گلەییەکانیشمان گەیاندووە لەڕێی نووسراوێکەوە نەک لە میدیا بڵاوی بکەینەوە بۆ موزایەدە کردن و چارەسەرەکانیشمان داڕشتووە لەپیناو پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی هەرێمەکەمان، بەڵام لەبری ئەوەی دەستی چارەسەر درێژ بکەنەوە، یاخود سەرۆکی حکومەت راستەوخۆ لێمان بپرسێت ئەرێ کێشەتان چیە؟ راگەیەندراوێکی لەو جۆرە بڵاودەکاتەوە.

لەبارەی شه‌هیدكردنى عه‌قید هاوكار جاف سەرۆکی حکومەت دەیەوێت به‌زۆری زۆردارى یه‌كێتیی و چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌ك له‌ناو یه‌كێتی تۆمه‌تبار بکات، بیریان چووه‌ له‌ سه‌ره‌تاى رووداوه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌ یه‌كێتی بوو داواى لێكۆڵینه‌وه‌ى هاوبه‌شی كردو داواشی كرد لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان به‌شداربن له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان، كه‌چی ده‌زگا ئه‌منییه‌كه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌ر زوو سیناریۆكه‌ى خۆیان بڵاوكرده‌وه‌و ده‌یانه‌وێ بیكه‌نه‌ ئه‌مری واقیع، تازه‌ به‌تازه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت قسه‌ى یه‌كێتی دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێ با لایه‌نى نێوده‌وڵه‌تى بێنه‌ ناو لێكۆڵینه‌وه‌كان، پاش چی! دواى ئه‌وه‌ى سیناریۆكانتان بڵاوكردۆته‌وه‌، و تەواوی بودجەی هێزێکی نیشتمانی قارەمانی وەک دژە تێرۆرتان بڕی، و هەوڵی بڕینی قووتی سەدان قارەمانی ئەم نیشتیمانەتان داوە، تازه‌ش بیرتان كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌م رووداوه‌ له‌ جه‌رگه‌ى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان ئه‌نجامدراوه‌، پێده‌چێت سه‌رۆكى حكومه‌ت ئاگاى لێ نه‌بێ یان نه‌یه‌وێت ئاگاى لێبێت هه‌ر له‌و جه‌رگه‌ى هەولێرە هێزێكى یاخى و له‌ یاسا ده‌رچوو هەڕەشەی چوونه‌ سه‌ر ماڵی جێگری سه‌رۆكى حكومه‌ت کرد و هه‌ر له‌و جه‌رگه‌ى پایته‌خته‌ش رۆژنامه‌نووس و دەیان و سەدان کەسیش تیرۆر ده‌كرێ و تاوانبار داڵده‌ ده‌درێ و فه‌وجیشی بۆ ده‌كرێته‌وە.

ئینجا سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌ راگه‌یه‌نراوه‌ پڕ له‌ چه‌واشه‌كارییه‌كه‌ى ده‌ڵێت؛ یه‌كێتی به‌رپرسه‌ له‌و دۆخه‌ى له‌ سلێمانى، هه‌ڵه‌بجه‌، راپه‌ڕین و گه‌رمیان دروست بووه‌، چاوه‌ڕوان بووین سه‌رۆكى حكومه‌ت بڵێ بڕیارمدا به‌شێوه‌یه‌كى مه‌یدانى خۆم سه‌ردانى سلێمانى و ده‌ڤه‌ره‌كه‌ بكه‌م و له‌ كێشه‌كان بكۆڵمه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ وەک کاری هەمیشەیی تۆمەتی بەخشیوەتەوە، به‌م هه‌نگاوه‌شی سه‌لماندى کە نایەوێت سه‌رۆكى حكومه‌تى هەموو هه‌رێمى كوردستان بێت و ‌ ده‌بێ خه‌ڵكى خۆڕاگرو خۆشه‌ویستى سلێمانى بپرسن: كه‌ ئه‌و سه‌رۆك حكومه‌ته‌ له‌ماوه‌ى نزیکەی چوار ساڵدا چەند جار ‌هاتۆته‌ ئه‌و سنووره؟ هه‌ر جارێكیش هاتبێ بۆ قردێله‌ بڕینێك هاتووه‌و خێرا گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.. بەڵێ ئابڵوقە خراوەتە سەر سلێمانی، ئەی ئابڵوقە لای ئێوە چی ئەگەیەنێت؟ نەدانی شایستە داراییەکانی سلێمانی چی ناو دەنێن؟ دواکەوتنی مووچە لە سلێمانی و دابەشکردنی لەهەولێر چی ناو دەنێن؟ پیلانی کەمکردنەوەی داهاتی سلێمانی بۆ نانەوەی ئاژاوە نەبێت چیی پێدەڵێن؟ لەوەیان تەنها سیاسەتی چەوت کەڵکی نییە، ئێمە دەتوانین بەزمانی داتا و ژمارە پێتان بڵێین: بەڵێ بە پیلان ئابڵوقەتان خستۆتە سەر سلێمانی.

هەمووان دەزانن كێشه‌ى سه‌ره‌كى و گه‌وره‌ى كوردستان داهاتى نه‌وته‌ نه‌ك تەنها داهاتى ناوخۆ، ئه‌وه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت و سیاسەتە داراییەکەیەتی کە هەرێمەکەمانی كردۆته‌ قوربانى سیاسه‌تى ناڕوون و نا شه‌فافی داهاتى نه‌وت! له‌بری نیعمه‌ت، نه‌وتیان كردۆته‌ نه‌عله‌ت!

له‌ داهاتى ناوخۆش، ئه‌رێ بێ زه‌حمه‌ت پێمان بڵێن كێ ده‌زانێ داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل چه‌نده‌؟ ئه‌و لیژنانه‌ى سه‌رۆكى حكومه‌ت باسیان ده‌كات بۆ ناچن كۆنتڕۆڵی داهاتى ئیبراهیم خه‌لیل و حاجى ئۆمه‌ران و خاڵه‌ سنوورییه‌كانى تر بكه‌ن؟

كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنى سیاسی پێكهات، ئێمەی یەکێتی لە گفتۆگۆکانمان وتمان زیاتر لە کابینەکانی پێشوو دەبێت کار لەسەر نەهێشتنی ئاسەواری دوو ئیدارەیی بکەین، ئێمە ئەوکات کە ئەو داوایەمان هەبوو لەخەمی ئەوە بووین کە غەدر لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان نەکرێت، کە بەداخەوە وەک پێشبینیمان کرد، غەدرەکە کرا و بەسەروزیادەوە، ئەوەش یەکێک بووە لە نیگەرانییەکانمان لە خودی سەرۆک حکومەت.

هه‌رزوو ئه‌م رێككه‌وتنەی حکومەتی پێ پێکهێنرا شكێنرا، بەڵام هەر دانمان به‌خۆماندا گرت و گوتمان به‌ڵكو باشتر بن و ورده‌ ورده‌ فێربن کە حوكمڕانى بەو ‌ عه‌قڵیه‌تە ناکرێت!

لێره‌دا به‌ پێویستى ده‌زانین بڵێین؛

ئه‌گه‌ر سه‌رۆكى حكومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ چاكسازى خوازه‌، چه‌ند ساڵه‌ بۆ پڕۆژە یاسای بودجه‌ نانێرێتە‌ په‌رله‌مان؟ تیمى یه‌كێتی رێگربوون؟. بەڕێز سەرۆکی حکومەت، لە جیاتی خۆدزینەوە لە بەرپرسیارەتی کەرەستەی حکومەت بخەرەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی كێشه‌كانى سووته‌مه‌نى، كاره‌با، نه‌وتى سپیی ماڵان، غاز، گرانیى بازاڕ و دابینکردنی دەرمان بۆ هاوڵاتییان. ئاشکرایە کە داهاتی کوردستان بەشی تەواوی مووچە دەکات، دەبا وەک چۆن لەو نامەیەی کە بۆمان ناردویت نوسیبوومان؛ داهاتی کوردستان یەک بخە و مووچە و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان وەک خەرجی سیادی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت دوور لە فەلسەفەی دوو ئیدارەیی تاکو هەموو هاوڵاتیانی کوردستان سودمەند بن.

له ‌كۆتاییدا به‌وپه‌ڕی راشكاوییه‌وه‌ ده‌ڵێین:

یه‌كێتی هیچ كات له‌ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردن نه‌ترساوه‌و ئاماده‌ین بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد، به‌ یاسایه‌كى هه‌مواركراوو لیستێكى پاكى تۆمارى ده‌نگده‌ران و زامنكردن و پاراستنى مافی پێكهاته‌و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانى هه‌رێمى كوردستان.

پێشمان وایه‌: راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ئه‌مڕۆی سه‌رۆكى حكومه‌ت باشترین وه‌ڵامه‌ بۆ پرسیارى خه‌ڵكى كوردستان كه‌ ده‌ڵێن؛ بۆ تیمى یه‌كێتیی ناچنه‌ كۆبوونه‌وەکانی ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران؟. بە داخەوە ئەم کابینەیە خراپترین کابینە بووە لە مێژووی حوکمڕانی کوردستان.

سەرۆک و تیمی وەزاریی یەکێتی لە کابینەی نۆیەم

بابەتی پێشتر

(ڤیدیۆ) دێربیی لەندەن لە بەرژەوەندیی ئارسیناڵ کۆتاییهات

بابەتی دواتر

تابووتفرۆشێك ڤاكسینی دزیوە بۆ ئەوەی زۆرترین كەس بمرن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر: تاوەکو ئەم بەروارە بایۆمەتری نەکەن مووچەکانتان رادەگیرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەولێر ئاگاداری وارسی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکاتەوە لەماوەی 60 رۆژدا بایۆمەتری دروست نەکەن…
Total
0
Share