میدیای یەكێتی بۆ پارتی: خۆ ئێستا ساڵی حەفتاكان نییە بە زەبر و زبری هەڵسوكەوت بكەن

میدیای فەرمیی یەكێتی لە نووسینێكیدا بەناونیشانی دوو هەڤاڵەكەی بادینانمان ئازادبكەن، بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هاتووە، ئاسایشی دهۆك كە لە ژێر دەسەڵاتی پارتییە دوو كادری كۆمیتەی دینارتەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیان دەستگیركردووە بەبێ هیچ پەڕاو و رەزامەندییەكی یاسایی و دادوەری، كە هەریەك لە هەڤاڵانمان (عاسف حسێن حەمۆ، محەمەد ئەمین خدر ) كارگێڕی كۆمیتەن و بەپێی لێدوانی هەڤاڵ محەمەد ئەمین شێروانی لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆك بۆ میدیای فەرمیی یەكێَتی،”ئاسایشی پارتی بەبێ بڕیاری دادوەر و لە دەرەوەی ماڵەكەیان، ئەو دوو كادرەی یەكێتی-یان ڕفاندووە، تەنها لەبەر ئەوەی ئینتیمای سیاسییان لەگەڵ ئەواندا یەكناگرێتەوە‌”.

راشیگەیاندووە، ئەمە چەندەمین جارە ئاسایشی پارتی ئەو رەفتارە نادیموكراتییە، نابەرپرسانە بەرامبەر بە كادری حزبەكانی دیكە و بە تایبەتیش بەرامبەر بە كادرەكانی یەكێتی چەندبارە دەكاتەوە بەبێ هیچ پاساوێكی یاسایی، تەنها هەر بۆ چاوترسێنی و گێچەڵی سیاسیی بە حزبەكانی ژێر نفوزی خۆی وا دەكات”.
بەرپرسەكەی یەكێتی راشیگەیاندووە، ” بەداخەوە ئەو جۆرە هەواڵانە خەریكە دەبنە هەواڵی ئاسایی لە بادینان، وەك هەواڵی كەشوهەواو بانبارینی لێهاتووە، بۆچی؟.. چونكە ئاسایشی پارتی ئەوەندە دووبارەی كردووەتەوە، خەریكە تەنانەت بەهای هەواڵی خۆیشی لە دەستدەدات، ئێ بەڵام ئاسایشەكەی پارتی كە لەسەر سەركوت و رفاندن راهاتووە هەر كەیفی پێدێ و هەر سەبووری بە پاوانخوازی وا دێت”!!
*كاتی ئەوەش هاتووە پارتی واز لەم شێوە حزبایەتییە، لەم شێوە حوكمڕانییە و لەم شێوازەی مامەڵەكردنە لەگەڵ دیاردەی فرەحزبی بهێنێت، چونكە وا كەشفە، كەس نییە ئەشهەدوبیلا بۆ ئەم ڕەخنەیەمان نەكات.
*بانگەوازمان بۆ پارتی ئەوەیە شێوەی مۆدێرنتری ململانێی سیاسی بدۆزێتەوە، خۆ ئێستا ساڵی حەفتاكان نییە، بە زەبر و زبری هەڵسوكەوت لەگەڵ جیاوازەكان دا بكات، ئەم شێوە زەبر و زبرە هێند عەیبەیە حزبی دیكەش ،كە دەتوانن بیكەن، نایكەن و پێیان شەرمە. ئاخر ئێمە بە حساب باسی كوردستان و وڵات و حوكمڕانیی سەدەی بیست و یەك دەكەین، نەك نفوزێك لەپەنا گوندێكی زەمانی پێشین.
* بەڕێزینە !!

هەڤاڵەكانمان هەرئێستا بەربدەن و مەیكەنە پەراوی سەرمێزی مفاوەزات و گفتوگۆی داهاتوو، چونكە كەس مفاوەزات لەسەر ئازادی و مافی سیاسەتكردن ناكات!!. هیومان رایتس وۆچیش وای پێوتوون و كوردایەتیی رەسەن و حوكمڕانی دیموكرات و مۆدێرنیش هەر واتان پێدەڵێت.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: پابەندین بەو بەڵێنەی بە خەڵكی خۆمان داوە

بابەتی دواتر

شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتێكی بۆ لابردنی زیادەڕۆییەكان ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share