میدیای فەرمی: یەکێتی دەرگای گفتوگۆی دانەخستووە تا بیکاتەوە

لۆگۆی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

میدیای فەرمیی یەكێتی رایدەگەیەنێت، پرەنسیپی یەکێتی گفتوگۆ و لێکگەیشتنە بۆ چارەسەری هەموو کێشەیەک. بۆیە قەت کۆبوونەوە رەتناکاتەوە.

سایتی (PUKMEDIA) زمانحاڵی فەرمیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سەروتاری ئەمڕۆیدا دەڵێت، پرەنسیپی یەکێتی گفتوگۆ و لێکگەیشتنە بۆ چارەسەری هەموو کێشەیەک. بۆیە قەت کۆبوونەوە رەتناکاتەوە، بەڵام ئەمەش راست نییە کە پارتی گرفتی لابەلا دروست بکات و بیکاتە دەسکەلا بۆ خۆدزینەوە لە کێشە سەرەکییەکان. کۆبوونەوەی جددی لەسەر بابەتی سەرەکیی دەبێت نەک شتی بەدیهیاتی وەک گۆڕانکاری لەم پۆست و ئەو پۆست.

“گۆڕانکاری لە پشک و لە پۆستەکان کارێکی نۆرماڵە و ئەسڵی کێشەکان نییە، ئەسڵی کێشەکان سیاسەتی جیاکاری حکومەتە لە نێوان شارەکان و گەمارۆدانی سلێمانی، ئەمانە راستەوخۆ پەیوەندییان بە کۆمەڵانی خەڵکەوە هەیە” وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی سەروتاردا هاتووە.

دەشڵێت، هەڵبەتە گۆڕانکاری لە پۆست و پشکەکان کارێکی باشە و ئەمە ویستی یەکێتی و پارتیشە کە ئەوانیش گۆڕانکاری وا دەخوازن، بەڵام ئەمانە نابنە بەدیلی کێشە سەرەکییەکانمان لەگەڵ پارتی و حکومەت.

دووپاتیشیدەكاتەوە، لە باشترین حاڵدا گۆڕانکاری لە پۆستەکان نیەتی باش دەردەخەن و کەشی گفتوگۆی هەردوولا باش دەکات، بەڵام نابێتە جێگرەوەی راستکردنەوەی رێرەوی حوکمڕانی و شەراکەتی راستەقینە کە یەکێتی و خەڵکيش داوای دەکەن، چونکە “بێ ئەم راستکردنەوە و جێبەجێکردنی شەراکەتە، نەک یەکێتی بگرە پارتیش ناتوانێت بەڵێنەکانی کاتی پێکهێنانی حکومەت جێبەجێ بکات. ئاخر لەبەر ئەمە حکومەت بۆ پارتیش بۆتە قەیران و کێشە لە جیاتی ئەوەی ببێتە بەڵگەی سەرکەوتن و کار راستی”.

لە كۆتایشیدا میدیای فەرمیی یەكێتی جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە كە “ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتییە کە بەڵێنی دابوو دوای کۆنگرەی 14ی حزبەکەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ لایەنەکان هەڵبداتەوە کەچی هەر سەعی لە لاپەڕە کۆنەکان دەکات و لاپەڕە سپی و نوێ دیار نییە. کێشەکە لێڵی سیاسەتی پارتییە نەک نا ئامادەگی یەکێتی”.

بابەتی پێشتر

ڕاهێنەری نوێی پۆرتوگال لەبارەی کریستیانۆ-وە بڕیاریدا

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی: لە سەرمایەی پڕۆژەكانی وەبەرهێناندا سلێمانی لەسەر ئاستی هەرێم یەكەمە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share