رێژەی بارانبارینی ئەمساڵی ناوچەی گەرمیان بەراورد بە ساڵی رابردوو جیاوازییەكی زۆری هەیە، لە هەندێك شوێن نزیكەی 10 هێندە بارانباریوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی گەرمیان، رێژەی بارانبارینی ئەمساڵ لە كەلار تا ئەمڕۆ پێنجشەممە گەیشتووە بە 113.1 ملیمەتر، بەڵام ساڵی رابردوو 12.4 ملیمەتر بارانباریبوو.
وەك ئامارەكە ئاشكرایكردووە، لە ناحیەی پێباز ساڵی رابردوو تا ئەم كاتە 44.5 ملیمەتر بارانباریبوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەكە بۆ 121 ملیمەتر بەرزبووەتەوە.
هەروەها لە خانەقین تا ئەمڕۆ 116.2 ملیمەتر بارانباریوە و ساڵی رابردوو تا ئەم كاتە 14.1 ملیمەتر بارانباریبوو، لە ناحیەی مەیدان تا ئەمڕۆ 138 ملیمەتر باراناباریوە و ساڵی رابردوو لە تەواوی وەرزی داباریندا 72.9 ملیمەتر بارانباریبوو، لە كفری 124.3 ملیمەتر بارانباریوە و وەك كشتوكاڵی گەرمیان ئاشكرایكردووە، ساڵی رابردوو 36.3 ملیمەتر بارانباریبوو.