جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، باری لەناكاوی لە نیویۆرك راگەیاند و هۆكارەكەی كەشوهەوایە.
ماوەی پێنج رۆژە بەهۆی بەفربارین و دابەزینی پلەكانی گەرماوە، چەندین ناوچەی ئەمریكا رووبەڕووی شەپۆلێكی شەختە و بەستنی شەقامەكان بوونەتەوە.
لە ئەنجامی ئەو بەفربارین و بەستەڵەك و ساردییەی كەشوهەواوە، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، ئەمڕۆ سێشەممە باری لەناكاوی لە ویلایەتی نیویۆرك راگەیاند و فەرمانی بە دەسەڵاتدارانی فیدراڵی و كاربەدەستانی خۆجێیی ویلایەتەكە كرد بەردەوامبن لە راپەڕاندنی ئەركەكانیان.
كۆشكی سپی دەڵێت، “راگەیاندنی باری لەناكاو لە لایەن سەرۆكەوە، وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ و ئاژانسی فیدراڵیی بەڕێوەبردنی دۆخی لەناكاو سەرپشكدەكات هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ بەهاناوەچوونی خەڵك و یارمەتیدانی ئەو كەسانەی پێویستییان بە هاوكارییە”.