بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی ئێزدییەكان دەکات و جەختدەكاتەوە كە یەكێتی هەمیشە پشتیوان دەبێت بۆ پارێزگاریكردن لە ماف و خواستەكانیان بۆ دەستەبەركردنی ژیانێكی ئارام و شایستە بۆیان.
لە پەیامەكەی سەرۆكی یەكێتیدا هاتووە، جەژنی رۆژی لە هەموو خوشكان و برایانی ئێزدی پیرۆزدەكەم و هیوادارم ئەم جەژنە لە خۆشی و كامەرانیدا بەسەربەرن و بەداخەوە ئەمساڵیش كە یادی ئەم جەژنە دەكەینەوە، تا وەكو ئێستا چارەنووسی بەشێك لە خوشكان و برایانمان نادیارە و ژمارەیەكی زۆریش دوور لە زێدی خۆیان، لە ئاوارەیی و لەناو كامپەكاندا ژیانێكی سەخت بەڕێدەكەن”.
سەرۆكی یەكێتی راشیدەگەیەنێت، “ئەركی دەسەڵاتدارانی هەرێمە هەنگاوی كردەیی بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی ئێزدییەكان بنێن بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان و گەڕان بە دوای چارەنووسی بێسەروشوێنبووەكاندا”.
بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختدەكاتەوە، “یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك ھەمیشە پشتیوان دەبێت بۆ پارێزگاریكردن لە ماف و خواستی ئێزدییان و هەماهەنگ دەبێت لەپێناو دەستەبەركردنی ژیانێكی ئارام و شایستە بۆیان”.