سەرۆكی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بە زیندانیكردن سزادرا

دادگای توركیا بڕیاریدا بە سزادانی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بە زیندانیكردن بۆ ماوەی دوو ساڵ و حەوت مانگ و رێگریكردن لە ئەنجامدانی كاری سیاسی.

بڕیارەكەی دادگا دەبێتەهۆی سەپاندنی قەدەغەكردنی كاری سیاسی بەسەر سەرۆكی شارەوانیدا ئەگەر لەلایەن دادگای باڵاوە پاڵپشتی بكرێت، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی توركیا كە بڕیارە لە حوزەیرانی 2023دا ئەنجامبدرێت.

لای خۆیەوە پارێزەرەكەی ئیمام ئۆغلۆ رایگەیاند، داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەكەدا دەكات، ئەمەش واتە لە پۆستەكەیدا وەك سەرۆك شارەوانی دەمێنێتەوە، بەڵام وا دەردەكەوێت كە دوورخراوەبێت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە بڕیارە ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت.

لای خۆیەوە ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ لە یەكەم لێدوانیدا لەبارەی بڕیارەكەی دادگا وتی، “كەس ناتوانێت ئەو دەسەڵاتە ببات كە لەلایەن دەنگدەرانەوە دەبەخشرێت”.

ئەوەشی وت، “بڕیارەكە نایاساییە”، ئاماژەی بەوەشكرد كە سزاكەی رەنگدانەوەی بارودۆخی ئێستای توركیایە.

لە دانیشتنی پێشووی دادگادا، داواكاری گشتی داوای بەندكردنی بۆ سەرۆكی شارەوانی ئەستەنبوڵ لەنێوان 15 مانگ بۆ چوار ساڵ كرد، بەتۆمەتی سوكایەتیكردن بە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەكان.

ئیمام ئۆغلۆ ئەندامی پارتی گەلی كۆماری-یە، كە پارتێكی بەرهەڵسكاری دەسەڵاتەكەی رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی سەرۆكە. حزبەكە پێیوایە دادگاییەكە “سیاسییە”.

ئیمام ئۆغلۆ (52 ساڵ) لە هەڵبژاردنەكانی ئازاری 2019دا بە پاڵپشتیی كورد شكستی بە حزبەكەی ئەردۆغان هێنا بە بردنەوەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی ئەستەنبوڵ، كە لە 25 ساڵی بەر لەو هەڵبژاردنەدا پارتی داد پۆستەكەی لەدەستدابوو.

ئەگەرچی ئەوكات حكومەت هەڵبژاردنەكەی رەتكردەوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی پاش نزیكەی سێ مانگی دواتریشدا جارێكی دیكە زۆرینەی دەنگەكانی بردەوە.

بابەتی پێشتر

فەرەنسا داوایەك لە "هاندەرە شوومەكە" دەكات

بابەتی دواتر

مەلا كەریم شكور: ئەو كەسانەی لە پاسەوانی سنوور دادەمەزرێندرێن مووچەیان لەسەر عێراق دەبێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share