پەرلەمانتارێك دەڵێت، “یاسای سەربازیی زۆرەملێ هەڵەی زۆری تیادایە و پێدەچێت رەتبكرێتەوە، ئەنجومەنی نوێنەرانیش داوادەكات بۆچوونی هاوڵاتییان وەربگیرێت”.
پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ براوەتە ئەنجومەنی نوێنەران و بڕیارە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، بەڵام لە سەرەتاوە مشتومڕی لێكەوتووەتەوە. سائر جبوری ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پێشبینیكرد پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ رەتبكرێتەوە و سەرنەگرێت و دەڵێت، “هەڵەی گەورەی زۆر تیادایە و پێویستی بە هەمواری زۆر گەورەیە”.
جبوری رایگەیاند، هێزە ئەمنییەكان زۆرینەی فەرمانبەرانی دەوڵەت پێكدەهێنن و پێیوایە پەیڕەوكردنی سەربازیی زۆرەملێ، بارگرانیی زیاتر دەخاتەسەر بودجەی وڵات.
بۆ پێشخستنی پرۆسەكە، ئەمڕۆ یەكشەممە لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبووەوە و داوایكرد خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژەیاسای سەربازیی زۆرەملێ بكرێت و بۆچوونی پسپۆڕانی سەربازی و هاوڵاتییان لەبارەی ئەو پرسەوە وەربگیرێت.