پەرلەمانتارێك: شاندی هەرێم تەنها دوو پێشنیاری تاوتوێكردووە

ئاڵای عێراق و هەرێمی كوردستان

پەرلەمانتارێكی كورد دەڵێت، شاندی هەرێم لە بەغداد دوو پێشنیاری تایبەت بە بودجەی ساڵی 2021 تاوتوێكردووە و ڕەتیشیدەكاتەوە ڕێككەوتن لەنێوان هەردوولا كرابێت.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ شەممە 5ی كانونی یەكەم لە فەیسبوكی خۆی بڵاویكردەوە، تائێستا وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەیتوانیوە سەقفی خەرجیەکان دیاری بکەن و کورتهێنانێکی ئاسایی هەبێت، بۆیە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تایبەت بە پرۆژەیاسای بوجە بۆ ڕۆژی سێشەممە دواخرا.

دەشڵێت، “هەرچی پەیوەستە بە هەرێمەوە هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە جگە لە تاوتوێکردنی دوو پێشنیار، یەکەم: ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی گومرگەکان کە هەرێم خۆی خەرجی کۆمپانیاکان لەئەستۆبگرێت. دووەم: ڕادەستکردنی 450 هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی گومرگەکان بەمەرجێ عێراق خەرجی کۆمپانیان بدات”.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشیكردەوە، هەردوو بڕگەکە لەناو پەرلەماندا مەرج نییە دەنگی لەسەر بدرێت بەهۆی بێبەڵێنییەکانی لەوەوپێشی حکومەتی هەرێم لە ڕێکەوتنەکانی پێشوودا.

دەشڵێت، “ئەگەر ڕێکەوتنیش کراوە بەو ئاسانییە لەماوەی چەند کاتژمێرێکی کورتدا کەواتە حکومەتی هەرێم ناپاکیکردوە لەگەڵ هاوڵاتیانی خۆیدا کە چەند ساڵە دەڵێت عێراق ڕێکناکەوێت”.

ئەحمەد حاجی ڕەشید جەخت لەوەش دەكاتەوە، لە دونیای سیاسەت و ئابوریدا هیچ ڕێکكەوتنێک بەبێ بڕگەکانی ڕێکەوتنەکە و کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ناگاتە ئەنجام “کەواتە شاندەکەی هەرێم نامەیەکیان هێنا و نامەیەکیان بردەوە”.

پەیوەندیدار: حكومەتی هەرێم لەگەڵ شاندی دانوستانكار كۆبووەوە

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد گەڕایەوە سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “شاندی هەرێم و بەغداد ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی هەمان ڕێککەوتنی ساڵی پار لەناو پرۆژەیاسای بودجەی 2021 جێگیربکرێت و ڕێژەی 12.6%ی پشکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە بکرێت”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، “مەرجی بەغداد لە ناردنی پشک ئەوەیە، هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوتی مانگانە لەگەڵ 50%ی داهاتی خاڵە سنورییەکان ڕادەستی بەغداد بکات، لەبەرامبەردا عێراق بەناردنی 900 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم پابەندکراوە”.

ئێوارەی ئەمڕۆش لە ڕاگەیەنراوی پاش كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم بڵاوكرایەوە كە سەرۆکی حکومەتی هەرێم ستایشی هەوڵ و کۆششەکانی شاندی دانوستانکاری کرد بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد و دابینکردنی موچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە ڕەشنوسی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021ش بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، لێكگەیشتنی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی هاتووەتە ئاراوە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن بە ئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی لە چوارچێوەی ئەو پرنسیپانەی کە لەسەری ڕێککەوتوون.

بابەتی پێشتر

عێراق و ڕوسیا ژمارەیەك لێكتێگەیشتن واژوو دەكەن

بابەتی دواتر

كوردیشی تیایە.. ئیتاڵیا تۆڕێكی قاچاخچی دەستگیردەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share