پاکستان خوێندنگەیەکی تایبەت بە میوانداریی و خزمەتگوزاریی گەشتیاری لە سلێمانی دەکاتەوە

لە کۆبوونەوەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاکستان رێککەوتن کرا لەسەر کردنەوەی خوێندنگەیەکی تایبەت بە میوانداری و خزمەتگوزاری گەشتیاری لە سلێمانی.

ئەمڕۆ یەکشەممە لە شاری سلێمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە ئەحمەد ئەمجەد عەلی باڵیۆزی پاکستان کرد و لە کۆبوونەوەیەکیشدا لێکتێگەیشتن کرا کە پسپۆڕانی پاکستانی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کاربکەن بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستمی بانکی لە هەرێمی کوردستان و بەشێک لە دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پڕۆژەی خزمەتی حکومەتی هەرێم کرا کە قوباد تاڵەبانی خۆی سەرپەرشتی دەکات و لەمبارەیەشەوە لێکتێگەیشتن کرا پاکستان هاوکاری حکومەتی هەرێم بکات بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی خزمەت کە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ دروستکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی لە کوردستان و کەمکردنەوەی رۆتین.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی سیاسی عێراق کرا و تیایدا باڵیۆزی پاکستان پیرۆزبایی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی دکتۆر لەتیف رەشید بە سەرۆک کۆماری عێراق و هیوای خواست قۆناغێکی نوێی سیاسی لە عێراق دەست پێ بکات و حکومەتی داهاتووی عێراق بتوانێت لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی هەموو خەڵکی عێراقدا بێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی پاکستان کرا و هەردوولا خواستی خۆیان دەربڕی کە پێکەوە کاربکەن لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی نێوانیان بەهێزتر بکەن.

 

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەبێت خێروبێری ئەم هەرێمە بخرێتە خزمەت هاوڵاتییانەوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی: بە گژ گەندەڵیدا دەچینەوە و ڕێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەگرین

بافڵ جەلال تاڵەبانی دووپاتیدەكاتەوە كە ڕێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەگرن و جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی دەکەنەوە…
Total
0
Share