قوباد تاڵەبانی: زیاتر لە 50 پڕۆژە لە سلێمانی دەخرێنەوە گەڕ

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی پارێزگای سلێمانی، داوایكرد لە ماوەیەكی دیاریكراودا 55 پڕۆژەی وەبەرهێنەران بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، جەختیكردەوە لەوەی هەر بەڕێوەبەرێك كارەكەی پێنەكرێت دەستلەكاربكێشێتەوە.

كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ یەكشەممە دوای ئەوە هات كە قوباد تاڵەبانی لە 26ی حوزەیرانی ئەمساڵدا لەگەڵ وەبەرهێنەرانی سلێمانی كۆبووەوە و تیایدا وەبەرهێنەران ڕەخنە و گلەییان هەبوو لە چۆنییەتی هەڵسوكەوت و مامەڵەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی.

لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران نیگەرانی خۆی دەربڕی لە سستی بەڕێوەچوونی كاروباری وەبەرهێنەران لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی و ڕایگەیاند هاوڵاتییان خۆیان بە دەست كۆمەڵێك كێشە و قەیرانەوە دەناڵێنن، “بۆیە مایەی قبوڵكردن نییە بارگرانی سەرشانی هاوڵاتیان و وەبەرهێنەران زیاتربكەن، وتیشی “ئەو بەڕێوەبەرەی خەمساردی لە كارەكانی دەكات بابچێتەوە ماڵەوە”.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ڕێگەنادرێت جووڵەی بازرگانی لە سلێمانی لەوە زیاتر لاواز بكرێت و وەبەرهێنەران ناچاربكرێن سەرمایەكانی خۆیان ببەنە دەرەوە، چونكە بەمە زیانی گەورە بەر سلێمانی كەوتووە و دانیشتووانی شارەكە بە هەزاران هەلی كاریان لە كیس چووە.

جێگری سەرۆك وەزیران ڕاشیگەیاند، “كاتێك پڕۆژەی وەبەرهێنەرێك دێتە بەردەستتان، ئێوە وەك كاغەزێكی سادە سەیری دەكەن، كەچی ژیان و قووتی سەدان كەس بەو كاغەزە سادەوە گرێدراوە و لەوانەیە تەنها بەهۆی كەمتەرخەمی بەڕێوەبەرێكەوە سەدان هەلی كار لە كیس بچێت”.

جێگری سەرۆك وەزیران هۆشداریشیدایە بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی كە چیتر ئەم دۆخە قبوڵ ناكات و ڕاشكاوانە ڕایگەیاند، “لێرە بە دواوە هیچ جۆرە خەمساردی و كەمتەرخەمییەك لەهیچ بەڕێوەبەر و بەرپرسێك قبوڵناكرێت و تیمێكی چاودێری پێكهێناوە و خۆی سەرپەرشتی تیمەكە دەكات.

قوباد تاڵەبانی داواشی لێكردن هەر لە دوای كۆبوونەوەكە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكان وەك یەك تیم كاربكەن بۆ ئەوەی هەماهەنگی تەواو لەناو خۆیاندا دروستبكەن تاكو لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا سەرجەم پڕۆژەكان بكەونەوەكار و جەختیكردەوە خۆی ڕاستەوخۆ ئاگاداری پڕۆژەكان دەبێت و لەهیچ كەس و لایەنێك قبوڵناكرێت سەرانە و بەرتیل وەربگرن”.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران پشتگیری تەواوی خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكان دەربڕی بۆ ئەوەی بەپێی یاسا هەموو دەسەڵاتەكانی خۆیان بەكاربهێنن بۆ كارئاسانیكردن و ڕاییكردنی كاروباری وەبەرهێنەران و هاوڵاتییان و ڕاشیگەیاند، “بۆ هەر كارێكی باش كە خزمەت بە هاوڵاتییان بكات بە تەواوی توانایەوە پشتیوانیان دەبێت و ڕووبەڕووی هەر كەسێكیش دەبێتەوە كە بۆ كاری نایاسایی فشاربخاتەسەر بەڕێوەبەرایەتییەكان و دەستوەردان لە كارەكانیاندا بكەن”.

لە ڕاگەیەندراوەكەی نووسینگەی قوباد تاڵەبانیدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا جێگری سەرۆك وەزیران بڕیاریدا كە بۆ ئەم پڕۆژانەی لەبەردەستی بەڕێوەبەرایەتییەكاندان، هیچ وەبەرهێنەرێك نابێت خۆی فەرمانگە بە فەرمانگە بگەڕێت تا كارەكانی جێبەجێببێت، بەڵكو دەبێت بەڕێوەبەرایەتییەكان خۆیان میكانیزمێك بدۆزنەوە و ئەگەر پێویستی كرد فەرمانبەرەكانیان ڕابسپێرن تا بە دوای جێبەجێكردنی كاری وەبەرهێنەران لە فەرمانگەكانی دیكە بكەون.

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە لەسەر پێویستی ڕێكخستنەوەی دەوام لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی سلێمانی و وتیشی، “ڕۆژانە گلەیی و ڕەخنەی هاوڵاتییانی پێدەگات و ئاگادارە كە هاوڵاتییان لە مامەڵەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكان ڕازی نین و لەمبارەیەشەوە ڕایگەیاند، پێویستە بە زووترین كات بەڕێوەبەرایەتییەكان پێداچوونەوەیەك بە چۆنییەتی ڕاپەراندانی كاروباری هاوڵاتییاندا بكەنەوە كە زۆرترین ئاسانكاری تێدابێت”.

جێگری سەرۆك وەزیران باسی لەوەش كرد، ئەگەر بەڕێوەبەرێك یان فەرمانبەرێك ناتوانێت دڵسۆزانە كاری هاوڵاتیان جێبەجێبكات و پابەندبێت بە كاتی دەوامەكەیەوە، با خۆی دەستلەكاربكێشێتەوە، چونكە خەڵكی دڵسۆزی دیكە هەیە لە جێی ئەوان خزمەتی هاوڵاتییان بكەن.

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، خەڵكی سلێمانی ماندوون و ناڕازین، بۆیە هەر بەڕێوەبەرێك با نەك لەبەر قسەی قوباد تاڵەبانی، بەڵكو لەبەر خاتری ئەو خەڵكە ماندووە هەست بە بەرپرسیارێتی بكات و دڵسۆزانە خزمەتی ئەو خەڵكە بكات و كە نابێت پۆستەكانیان وەك دەستكەوت سەیربكەن، بەڵكو پۆستیان پێدراوە تا خزمەتی خەڵك بكەن و ڕەزامەندی خەڵك لەسەروو هەموو شتێكەوەیە و چیتر ڕەزامەندی خەڵك ناكرێتە قوربانی كەمتەرخەمی هیچ بەرپرسێكەوە”.

بابەتی پێشتر

"بەهۆی پانكەوە" وەزیری پەروەردە بە 40 ملیۆن دینار سزادرا

بابەتی دواتر

حكومەتی هەرێم: ڕۆژانە 13 هەزار كارتۆن هێلكە دەخرێتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

راوێژکاری باڵای بەرگریی بەریتانیا بۆ وەزیری پێشمەرگە: لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی هاوکارتان دەبین

بەریتانیا لە پشتگیریکردنی پرۆسەی چاکسازی لەوەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ 12ی کانونی یەکەمی…
Total
0
Share