دوای گۆڕینی خۆپیشاندانەكانی بەغداد، لە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە چەكدارەكاندا تائێستا دوو خۆپیشاندەر كوژراون و 35ی دیكە برینداربوون.
لە بەغداد خۆپیشاندەران هەڵیانكوتایەسەر كۆشكی سەرۆكایەتیی كۆمار، بەر لەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بە گازی فرمێسكڕێژ بڵاوەیان پێبكرێت.
لە بەشەكانی دیكەی ناوچەی سەوزی بەغداد ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا ڕوویدا و بەهۆیەوە دوو خۆپیشاندەر كوژران و دەیانی دیكە برینداربوون، وەك ئەوەی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاماژەی پێداوە.
بەپێی هەندێك لە میدیاكان تا ئێوارەی ئەمڕۆ 35 خۆپیشاندەر برینداربوون.
پێشتر لیژنەی جێبەجێكاری مانگرتنەكانی ڕەوتی سەدر كۆتاییهاتنی كۆنتڕۆڵكردنی خۆپیشاندانەكانی شەقامی ڕاگەیاند، ئەمەش عێراق بەڕووی سەرجەم ئەگەرەكاندا واڵا دەكات.
هەروەها نوسینگەی سەدر قەدەغەیكرد لایەنگرانی ئاڵا، دروشم و هوتافی سیاسی بەرزبكەنەوە یان بەناوی ڕەوتەكەوە لە میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بدوێن، هەروەك سەرجەم ئەژمارەكانی نێو تۆڕەكانی داخست.
ئەو دۆخە لەكاتێكدایە قەیرانی سیاسیی عێراق لەدوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووەوە درێژەی هەیە، شیعییەكان لایەنی سەرەكیی ناكۆكییەكانن.