قەیرانی وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریجیا
جیهان بەرەو كارەسات هەنگاو دەنێت؟

“ڕێككەوت بووەتەهۆی ڕوونەدانی دزەكردنی تیشكیی ئەتۆمی”

وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریجیا لە ئۆكرانیا، كە گەورەترینە لە ئەوروپا، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا بووەتە ناونیشانی سەرەكیی هەواڵەكان، دوای ئەو بۆردومانە مووشەكییەی وێستگە ئەتۆمییەكەی گرتووەتەوە، ئەمەش كیشوەرە پیرەكەی خستووەتە بەردەم مەترسیی كارەساتێكی ئەتۆمی هاوشێوەی چێرنۆبڵ لە ساڵی 1986.

دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژ بەناوی سەرۆكایەتیی ڕوسیا ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی ڕۆژئاوا كە دەسەڵاتیان لە ئۆكرانیا هەیە پێویستە فشار لە كیێڤ بكەن لەپێناو وەستاندنی بۆردومانكردنی وێستگەی زاپۆریجیا.

وەزارەتی بەرگریی ڕوسیاش ڕایگەیاند، ڕژێمەكەی ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا “تاوانێكی تیرۆرستیی ئەتۆمی ئەنجامدەدات”.

وەزارەتەكە وتیشی، “ڕێككەوت بووەتەهۆی ڕوونەدانی دزەكردنی تیشكیی ئەتۆمی”، ئەمەش لێدوانێكە مایەی نیگەرانیی زۆرە.

لە بەرامبەردا زیلینسكی داوای كاردانەوەی بەهێزی نێودەوڵەتی كرد بەرامبەر ئەوەی بە “تیرۆری ئەتۆمی”ی ڕوسی ناویبرد پاش بۆردومانكردنی وێستگەكە.

كۆمپانیای (ئینرجواتۆم)ی ئۆكرانی بۆ وەزەی ئەتۆم سەر بە دەوڵەت بەرپرسیارێتی ئەو زیانانەی بەر وێستگەكە كەوتووە خستە ئەستۆی بۆردومانی ڕوسیا، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕایگەیاند، لیوای 44ی بۆمبهاوێژی سوپای ئۆكرانیا لە بەری بەرامبەری دەریاچەی (كاخۆڤكا) وێستگەكەی بۆردومانكردووە.

زانیاری لەبارەی زاپۆریجیا
هێزەكانی ڕوسیا لە سەرەتای ئازاری ڕابردوودا دەستیان بەسەر وێستگەكەدا گرت كە دەكەوێتە باشووری ئۆكرانیا، بە چەند ڕۆژێكی كەم پاش دەستپێكردنی جەنگ لە 24ی شوبات، بەڵام تائێستا شارەزا هونەرییە ئۆكرانییەكان وێستگەكە دەبەن بەڕێوە و لەژێر فەرمانی ئەو دەستە بەڕێوەبەرە ئۆكرانییەدان كە مۆسكۆ لەوێ جێگیریكردوون.

لە دەوروبەریدا 500 سەربازی ڕوسی و 50 تانك و زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازیی هێزی زرێپۆش هەن، وەك ئەوەی كیێڤ ئاماژەی پێداوە.

زاپۆریجیا گەورەترینە لەنێو چوار وێستگە ئەتۆمییەكەی ئۆكرانیا، كە پێكەوە نزیكەی نیوەی كارەبای وڵاتەكە فەراهەم دەكەن.

بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، شەڕەكەی ئێستا یەكەمینی لەو جۆرەیە كە لە وڵاتێكدا ڕووبدات خاوەندارێتی ئەم بەرنامە گەورە ئەتۆمییە بێت كە ماوەیەكی درێژە دامەزرێندراوە.

وێستگەكە گرنگیی ستراتیژی گەورەی بۆ ڕوسیا هەیە، بەهۆی ئەوەی نزیكەی تەنها 200 كیلۆمەتر لە نیمچە دوورگەی قرم-ەوە دوورە كە لە ساڵی 2014ەوە ڕوسیا خستوویەتیە پاڵ خۆی.

ترس لە كارەسات
پێشهاتەكانی پەیوەست بە گەورە وێستگە ئەتۆمییەكە ترسی جیهانی لە دووبارەبوونەوەی كارەساتی وێستگەی چێرنۆبڵ هێناوەتە ئاراوە كە لە ئۆكرانیا و لە سەردەمی دەسەڵاتی یەكێتیی سۆڤیەتدا تەقییەوە، بووە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار كەس بەشێوەی ڕاستەوخۆ و وناڕاستەوخۆ و ڕوودانی ژەهراویبوون بە تیشكدانەوەی ئەتۆمی كە تائێستا كاریگەرییەكەی تەواو نەبووە.

ڕافائیل گروسی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ڕایگەیاند، بۆردومانكردنی وێستگەی زاپۆریجیا مەترسیی ڕوودانی كارەساتی ئەتۆمی لێدەكرێت.

هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەری هەیە ببێتە مایەی هەڕەشە بۆسەر تەندروستیی گشتی و ژینگە لە ئۆكرانیا و دەرەوەیدا.

هاوكات ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان داوایكرد ڕێگە بە پشكنەرانی نێودەوڵەتی بدرێت بۆ چوونە ناو وێستگەكە، پاش ئەوەی هەریەك لە مۆسكۆ و كیێڤ یەكترییان بە بۆردومانكردنی تۆمەتباركرد.

وتیشی، “هەر هێرشێك بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمی كاری تیرۆرستانەیە”.

یڤینی تسیمبالیۆك باڵیۆزی ئۆكرانیا لە ئاژانسی وزەی ئەتۆم هەمان هەڵوێستی نیشاندا داوایكرد نێردەیەكی نێودەوڵەتی ئاراستەی وێستگەكە بكرێت.

هەروەك ڕوسیا-ی تۆمەتباركرد بەوەی دەیەوێت كارەبا لە باشووری وڵاتەكەی ببڕێت لەڕێی بۆردومانكردنی وێستگە ئەتۆمییەكەوە.

بابەتی پێشتر

وەزیرێك: تا ساڵی 2023 هیچ پەنابەرێكی سوری لە توركیادا نامێنێت

بابەتی دواتر

باڵێكی دیكە لە پارتی سۆسیال دیموكرات جیابووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share