جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، کوژرانی ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی قاعیدەی لە ئەفغانستان ڕاگەیاند، كاتی كوژرانەكەشی مشتومڕی ناوەتەوە.
لە كاتێكی زووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممەدا، هەواڵی كوژرانی ئەیمەن زەواهیری سەرۆکی ڕێكخراوی قاعیدە و شوێنگرەوەی ئوسامە بن لادن لە ئەفغانستان بڵاوكرایەوە، دواتر جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەواڵەكەی بە فەرمیی ڕاگەیاند و وتی، زەواهیری لە هێرشێکی درۆنی لە ئەفغانستان كوژراوە و هێرشەكە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ئەنجامدراوە.
سەرۆكی ئەمریكا باسی لەوە كرد كە كوشتنی زەواهیری لە تۆڵەی قوربانییەكانی 11ـی سێپتەمبەردا بووە بەو پێیەی ناوبراو کەسی دووەمی قاعیدە بووە لەو کاتەدا و وتی، “تیرۆریستان لە هەر شوێنێک بن، دەیاندۆزینەوە و دەیانکەینە ئامانج.”
بەپێی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، هێرشەكەی كابوڵ كە سەرۆكی قاعیدەی تیادا كوژرا، لەلایەن ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریكا (سی ئای ئەی)ـیەوە لە كۆتایی هەفتەی ڕابردوودا ئەنجامدراوە، جیاواز لەو كاتەی كە سەرۆكی ئەمریكا باسیكرد و وتی، “زەواهیری شەممە كوژراوە”.
ئەیمەن زەواهیری میسرییە و ساڵی 1951 لە قاهیرە لەدایکبووە. لە سەركردایەتیكردنی چەند گرووپێكی چەكداردا بەشداریكردووە و یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی ڕێكخراوی قاعیدە و دوای كوژرانی ئوسامە بن لادن سەرۆكی پێشووتری ڕێكخراوەكە لە ساڵی 2011دا، زەواهیری شوێنی گرتەوە.
كوژرانی زەواهیری لە ئەفغانستان لە كاتێكدا كە بزوتنەوەی تاڵیبان فەرمانڕەوای ئەو وڵاتەیە، مشتومڕی لێكەوتووەتەوە و لە چەند كاتژمێری ڕابردوودا ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و شیكەرەوانی سیاسیی خۆرئاوا باسیان لەوە كردووە، كە داڵدەدانی سەرۆكی قاعیدە لەلایەن تاڵیبانەوە، پێچەوانەی ڕێككەوتنی نێوان ئەمریكا و بزوتنەوەكەیە و دوورنییە لاپەڕەیەكی نوێی ناكۆكی لە نێوانیاندا هەڵبداتەوە.