بافڵ جەلال تاڵەبانی: خزمەتگوزارییەکی شایستە بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەردەکەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیدا بەڵێندەدات تا ساڵیادی داهاتووی حزبەكە یەک ملیۆن نەمام لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بچێنن و دەڵێت، “پشتیوانی گەنجان دەبین و خزمەتگوزارییەکی شایستە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەردەکەین”.

لە پەیامێكدا كە بە بۆنەی یادی 47 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی و (46)ـەمین ساڵەی ھەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێوە بڵاویكردەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، “لە دوای دیداری یەکێتییەوە حزبەکەمان دەچێتە قۆناغێکی نوێی کاری سیاسییەوە. نوێبوونەوە و چاکسازی بنەمای کارکردنمان دەبێت و داڕشتنەوەی سیاسەتێکی نوێ بۆ بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیر و حوکمڕانییەکی تەندروست کاری لە پێشینەمان دەبێت”.

سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، “ئێمە بەڵێنمان بە خەڵکی سەربەرزی کوردستان داوە خزمەتیان بکەین و قەرەبووی ساڵانێکی پڕ لە قەیران و سەختییان بۆ بکەینەوە. ئەمەش هاوکاری و هەماهەنگی هەموو لایەکمانی پێویستە و دەبێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژوویی و نیشتمانییەدا بین” و جەختدەكاتەوە كە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن لەگەڵ هێز و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، دەکەنە بنەمای کارکردن “تاوەکو هەموومان پێکەوە بتوانین خزمەتگوزارییەکی شایستە و داهاتوویەکی سەقامگیر بۆ خەڵکی کوردستان دەستەبەربکەین”.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ڕاشیگەیاندووە، “لە ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوام دەبین و ڕێگری لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەکەین. پشتیوانی گەنجە دڵسۆزەکانمان دەبین و هاوکاریان دەبین بۆ پەرەپێدان و گەشەکردنی تواناکانیان. سروشتی جوانی کوردستان و ژینگەمان لەیادنەکردووە و دەمەوێت لێرەوە بۆ هەموولایەکی ڕابگەیەنم لە ئەمڕۆوە تاوەکو یادێکی تری دامەزراندنی یەکێتی، یەک ملیۆن نەمام لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان دەچێنین و سەوزکردنی کوردستانمان لە ئەستۆ دەگرین”.

بابەتی پێشتر

بەڵێنێك لە وەزیری داراییەوە

بابەتی دواتر

سەڵاح بە تەکتیکی مانچستەر هەڕەشە لە لیڤەرپوڵ دەکات!

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share