داعش لەناو كامپی هۆل چالاكە و شەوانە دانیشتووان دەكوژێت

كوشتن لەناو كامپی هۆل زۆربووە و زۆربەی قوربانییەكان عێراقین و یەكێكیان كوردە.

مەترسیداریی بارودۆخی كامپی هۆل زیاتردەبێت، كامپەكە لە حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان-ـە و شوێنی نیشتەجێبوونی بەشێك لە ئەندامانی داعش و خێزانەكانیانە، لە خەڵكی چەندین وڵات و نەتەوە پێكهاتوون و زۆرینەیان عێراقین.

بەپێی نوێترین بەدواداچوونەكان، ترس باڵی بەسەر كەشی كامپەكەدا كێشاوە و یەكێك لە دانیشتووانەكەی كە ژنێكی عێراقییە و خەڵكی پارێزگای سەڵاحەدینە دەڵێت، ترس و تۆقاندن و برسێتی سیمای سەرەكیی كامپەكەن، بە تایبەت ئەو بەشەی كە عێراقییەكانی تیادا نیشتەجێن و زۆرجار شانەكانی داعش پەلاماریان دەدەن. “نازانین شەوانە چیمان بەسەردێت و كێ پەلامارمان دەدات، چەندین گروپی مافیایی لە كامپەكەدا هەن و شەوانە بێدارین”.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە 17 كەس لە كامپی هۆل كوژراون، یەكێكیان كارمەندی ڕێكخراوی مانگی سووری كوردی بووە و هەشتیان عێراقی بوون. ئاسایشی كامپەكە دەڵێت، زۆربەی كوشتنەكان بە چەك و گوللـە كراون.

ڕاپۆرتەكان لەبارەی بارودۆخی هۆل دەڵێن، سەرباری ڕێوشوێنە ئەمنییە توندەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوا، شانە نووستووەكانی داعش تاوانی كوشتن لەناو كامپەكەدا ئەنجامدەدەن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share