وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، ئەوەش بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق.
لە ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییدا هاتووە، “سەرجەم جوتیاران ئاگاداردەکەینەوە ڕۆژی چوارشەممە یەکەم ڕۆژی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە”.
وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو بڕیارە بە گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق دراوە.
داواشدەکات سەرجەم جوتیاران لەو بەروارەوە بەرهەمی گەنمی ئەمساڵیان ڕادەستی سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بکەن.