ئیسماعیل ئەنوەر ئیبراهیم ناسراو بە “ئیسماعیل سیان” ئەو گەنجەی یەكەم هێلكەی گرتە مەسرور بارزانی دەڵێت، “پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سزادراوم و ئەگەر مەسرور بارزانی سەردانی بەریتانیا بكات دەبێت هێلكە بارانی بكەم و خۆناكرێت گوڵی تێبگرم”.
“پێشتر دووجار لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سزادراوم”
ئیسماعیل سیان لە دیدارێكدا بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە بەریتانیاوە قسەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا كرد و وتی، “پێشتر لە هەرێمی كوردستان دووجار لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە سزادراوم و كە مەسرور بارزانی بێتە بەریتانیا خۆ گوڵبارانی ناكەم دەبێت هێلكەبارانی بكەم”.
“لە دوێنێەوە بە هەزاران هەڕەشەم بۆ هاتووە”
ئەو گەنجە دەڵێت ،”دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەكانی مەسرور بارزانی هێلكەباران كرا لە دوێنێوە بە هەزاران هەڕەشەمان بۆ هاتووە و ئێمە لەهەڕەشە ناترسین و ئامادەیین لەپێناو خەڵكی كوردستاندا قوربانی بدەین”.
“هەر بارزانییەك بێتە بەریتانیا ئێمە هەمان هەڵویستمان دەبێت”
ئیسماعیل سیان وتی، “ئێمە پێشتر بەهۆی هەڕەشەكانی پارتییەوە كوردستانمان جێهێشتووە و لە ماوەی ڕابردوودا دایكم كۆچی دواییكردووە و نەمتوانیوە بگەڕێمەوە بۆ هەرێمی كوردستان بۆیە ئێمە چەند كوردێكی نیشتەجێی بەریتانیاین و بڕیارمانداوە هەر بارزانییەك سەردانی بەریتانیا بكات هەمان هەڵویستمان دەبێـت”.
“خەڵكی هەولێر لە بازنەیەكدا بەندكراون”
گەنجەكەی كوردەكەی نیشتەجێی بەریتانیا پێیوایە، خەڵكی هەولێر لە بازنەیەكدا بەندكراون و ناكرێت ئازادیی تاكەكەس بەو شێوەیە پێشێلبكرێت و ئێمە ناتوانین لە كوردستان بژین و ئەوان داهاتی سەر زەوی و ژێر زەوییان بەتوركیا فرۆشتووە.
“پێویستە یەكێتی و گۆڕان هەڵویستان هەبێت”
گەنجەكە دەڵێت، “من پەكەكە نیم و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەم دەكرێت هیچ بنەمایەكی نییە و سەر بە هیچ لایەنێكی سیاسی نیم و پێویستە یەكێتی و گۆڕان هەڵویستیان بەرامبەر پارتی هەبێت و پارتی ناتوانێت هێرشبكاتە سەرمن و خەڵك هەبووە لە هەولێر لەسەر كۆمێنتێك دەستگیركراوە”.
هەڵویستی هاوڵاتییانی بەریتانیا لەبارەی هێلكەباران كردنی مەسرور بارزانی..
ئاماژەی بەوەكرد مەسرور بارزانی ئامادەیە ببێتە جاشی توركیا، بەڵام خزمەتی هەرێمی كوردستان ناكات و ئێستا لای خەڵكی بەریتانیا تیڕوانینێك دروستبووە كە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ سەرۆكی حكومەت دەكەن.