عەلی حەمە ساڵح: تا ساڵی 2030 هەرێم ناتوانێت هیچ بڕێك غازێكی سروشتی هەناردەی دەرەوە بكات

سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرێمی كوردستان ناتوانێت تا ساڵی 2030 غازی سروشتی هەناردەی دەرەوە بكات و دەڵێت، “ئێستا ناتوانرێت پێویستییەكانی ناوخۆ پڕبكرێتەوە و قسەكردن لەسەر غازی سروشتی و هەناردەكردنی هەرێمی كوردستان نەیاری زیاتری دەبێـت”.

عەلی حەمە ساڵح، سەرۆكی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان ڕایگەیاند، ئێستا ڕۆژانە هەرێمی كوردستان 450 ملیۆن پێی سێجا غاز بەرهەمدەهێنێت كە نیوەی خواستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە لەكاتێكدا كە هەرێمی كوردستان ڕۆژانە پێویستی بە 800 ملیۆن پێی سێجا غازی سروشتی هەیە.

ئاماژەی بەوە كرد، تا پێنج ساڵی دیكە ناتوانین چارەكێكی پێویستیی غازی سروشتيی توركیا دابینبكەین و ئێستا نیوەی وێستگەكانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بەهۆی نەبوونی غازەوە كارناكەن و ناتوانرێت غازیان بۆ دابینبكرێت، بۆیە باشترە پێویستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عێراق پڕبكرێتەوە ئەو كات بیر لەهەناردەی غازی سروشتی بۆ دەرەوە بكرێتەوە.

عەلی حەمە ساڵح وتی، “لە ئێستا قسەكردن لەسەر غازی سروشتی و هەناردەكردنی بۆ دەرەوە وادەكات هەرێمی كوردستان نەیاری زیاتری هەبێت”.

بابەتی پێشتر

پەیامێك لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەوە..سنوورەكانی دەسەڵاتی یەكێتی بووە بە پایتەختی ئازادی بۆ ڕۆژنامەنووسان

بابەتی دواتر

مانگی داهاتوو پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەك لە هەرێم بەكۆتادێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share