پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان لە ژمارەی فەرمانبەرانیدا شەفافیەت پەیڕەوبكات ئەوا بەغداد لەبابەتی مووچەدا ئامادەیە ژمارەی فەرمانبەرانی ڕاستەقینە وەربگرێت، بەڵام دەبێت داتا و زانیاری دروست بدرێتە حكومەتی عێراق.
دیلان غەفور، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەگەر داتاكانی تایبەت بەژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان شەفافیەتی تێدا پەیڕەوبكرێت بە تایبەت لە بابەتی مووچەدا حكومەتی عێراق ئامادەیە نەك 682 هەزار فەرمانبەرەكە، بەڵكو ژمارەی ڕاستەقینەی فەرمانبەران وەربگرێت.
ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە، دەبێت هەرێم لە داتا و زانیارییەكانی تایبەت بە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەغداد شەفاف بێت و چەند فەرمانگەیەك لە هەرێمی كوردستان زیادكراون بەغداد زانیاری لەبارەوە نییە.
پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكێتی وتی، “بەپێی یاسای بودجە هەر فەرمانبەرێكی گرێبەست لەعێراق پێنج ساڵ خزمەتی هەبێت دەكرێتە هەمیشەیی و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر فەرمانبەری گرێبەست دەكرێنە هەمیشەیی ناكرێت لە هەرێم لەپێش ساڵی 2009ەوە ژمارەی فەرمانبەرانی زیاد نەكات”.
دیلان غەفور پێیوایە، خاڵی لێكتێنەگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر ژمارەی فەرمانبەران ناشەفافیەتە ئەگەر هەردوولا لەسەر كێشەكان ڕێكبكەون عێراق نەك 682 هەزار فەرمانبەرەكە، بەڵكو سەرجەم فەرمانبەرانی ڕاستەقینە قبوڵدەكات.
حكومەتی عێراق ساڵانە لە یاسای بودجەدا 682 هەزار فەرمانبەر جێگیردەكات و لە بابەتی مووچە و بودجە مامەڵەی 682 هەزار فەرمانبەر لەگەڵ هەرێم دەكات لەكاتێكدا حكومەتی هەرێم زیاتر لە یەك ملیۆن مووچەخۆری هەیە.