بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان ڕایدەگەیەنێت، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان وشكەساڵییە، هۆشداری دەدات لەوەی “ئاستی ئاوی ژێرزەوی بەشێوەیەكی گشتی دادەبەزێت”.
كۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دوكان لەلێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ئاستی ئاوی دوكان سێ مەتر كەمیكردووە، ساڵی ڕابردوو 48% ئاستی ئاوی كۆكراوە بووە، ئەمساڵ تا ئێستا گەیشتووەتە 41%.
سەرەڕای ئەم هۆشدارییە، بەڵام بەرێوەبەرەكەی بەنداوی دوكان دڵنیایی دا كە لەتوانایاندایە ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو شوێنانە دابینبكەن كە لەسەر ئاوی بەنداوەكەن.
كۆچەر جەمال وتی، “ئەمساڵ 300 ملیمەتر باران باریوە، پێویستمان بە 600 ملیمەتر باران بووە، بۆیە بە هەموو پێوەرەكانی لای ئێمە ئەمساڵ وشكەساڵییە”.
ڕوونكردنەوەی زیاتری دا، “لە هەرێمی كوردستان دووەم ساڵە كە كەمبارانی بووە، عێراقیش ئەمساڵ سێیەم ساڵیەتی كە كەمبارانی بووە، بۆ عێراق خراپترین ساڵ دەبێت”.
پێشیوایە، “بەهۆی كەمیی باران لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ئاستی ئاوی ژێرزەوی لەمساڵدا دادەبەزێت، بە تایبەت ئەو ناوچانەی پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن، بۆیە كشتوكاڵ بەهۆی كەمئاوییەوە دووچاری گرفت دەبێت”.
بەپێی زانیارییەكان ماوەی چەند ڕۆژێكە كێشەی كەمئاوی لە چەند گەڕەكێكی شاری هەولێرسەریهەڵداوە.