عێراقی دوای 2003‏
تا ئێستا عێراقییەكان بەدوای ناسنامەی “عێراقی نوێ”دا دەگەڕێن

عێراقییەكان بەدوای ناسنامەیەكی دیاریكراو و قبوڵكراوی ‏عێراقی نوێی دوای 2003دا دەگەڕێن

سەرەڕای تێپەڕبوونی 19 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس و دەسەڵاتی تاكڕەوی لە ‏عێراق، وڵات گیرۆدەی چەندین گرفتی جۆراوجۆری سیاسی، ئەمنی، ئابوری و ‏كۆمەڵایەتییە، سیستمی دیموكراتیی فیدراڵی كە لە دەستووردا چەسپێندراوە، نەیتوانیوە ‏لایەن و پێكهاتەكان كۆبكاتەوە، ناكۆكییەكانیش خەم و خواستەكانی هاوڵاتییانی بۆ ژیانێكی ‏باشتر لەبیربردووەتەوە.‏

ئەمڕۆ 9ی نیسان، 19 ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی بەعس تێدەپەڕێت، بەدرێژایی ساڵانی ‏ڕابردوو عێراق بە چەندین وێستگەی جیاجیادا تێپەڕبووە.‏

كۆتایی بەعس
لە 20ی ئازاری 2003 ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی واشنتن ‏بۆسەر عێراق بەمەبەستی لەناوبردنی “چەكە كۆمەڵكوژەكان” دەستپێكرد.‏

لە 9ی نیسانی هەمان ساڵ، سەربازانی ئەمریكی گەیشتنە بەغداد و بە ئامادەبوون و ‏پشتیوانیی نزیكەی 100 هاوڵاتیی عێراقی پەیكەرە ناودارەكەی سەدام حسێن-یان لە ‏ناوەڕاستی بەغداد هێنایە خوارەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ ڕووخانی ڕژێمی بەعس و كۆتایی ‏سەردەمی سەدام، ئەگەرچی شەڕ هێشتا لە هەندێك شار و ناوچەی دیكە بەردەوام بوو.‏
‏ ‏
لە 1ی ئایار، جۆرج بوش-ی كوڕ سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا ئاشكرایكرد كە بەشی زۆری ‏شەڕەكە كۆتایی هاتووە.‏

لە 13ی كانونی یەكەمی 2003 سەدام حسێن لە نزیك تكریت دەستگیركرا و پاش ‏بەڕێوەچوونی چەند دانیشتنێكی دادگاییكردن، لە 30ی كانونی یەكەمی 2006 ‏لەسێدارەدرا.‏

گواستنەوەی دەسەڵات و هەڵبژاردن
لەماوەی دوای ڕووخانی بەعس، پۆڵ بریمەر حاكمی مەدەنیی ئەمریكا لە عێراق بە ‏پاڵپشتیی ئەنجومەنی حوكم، دەسەڵاتی لە عێراق بەڕێوەدەبرد، تا ئەوكاتەی لە ساڵی 2004 ‏دەسەڵات بۆ عێراقییەكان گوازرایەوە.‏

لە سەرەتای ساڵی 2005دا یەكەم هەڵبژاردن لە وڵاتدا ئەنجامدرا، بەڵام پێكهاتەی سوننە ‏بایكۆتی هەڵبژاردنەكەیان كرد، شیعە كە زۆرینەی دانیشتووان پێكدەهێنن، براوەی ‏هەڵبژاردنەكە بوون و زۆرینەی كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەدەستهێنا. ‏

دواتر مام جەلال تاڵەبانی وەك سەرۆكی قۆناغی گواستنەوە لە نیسانی 2005 و ساڵی ‏دواتریش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەڵبژێردرایەوە.‏

دەستووری عێراق كە لە ساڵی 2005دا دەرچوو، سیستمی وڵاتی بە دیموكراسی و ‏فیدراڵی دیاریكرد، لەگەڵ داننان بە دەسەڵاتی كورد و هەرێمی كوردستان كە لە ساڵی ‏‏1991ــەوە لەژێر فەرمانڕەوایی خۆبەخۆی كورددا بوو.‏

ئەمە جگە لەوەی كورد بە پۆستی سەرۆك كۆمار، پۆستەكانی حكومەت و پەرلەمان لە ‏پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و پلاندارێژیی وڵات بەشدار و هاوبەشیی كرد.‏

ململانێی تایفی
لە 22ی شوباتی 2006 تەقینەوەیەك لە مەزارگەیەكی شیعەكان لە سامەرا بووەهۆی ‏هەڵایسانی ململانێی تایفی لەنێوان شیعە و سوننە، كە تا ساڵی 2008 درێژەی كێشا و بووە ‏هۆی كوژرانی دەیان هەزار كەس.‏

شەڕی ناوبەناو، تەقینەوە و كاری خۆكوژی لەماوەی ساڵانی 2003 تا 2011 بووە هۆی ‏كوژرانی زیاتر لە 100 هەزار كەسی مەدەنی، وەك ئەوەی ڕێكخراوی “عێراق بەدی ‏كاونت” بڵاویكردەوە، سەرەڕای كوژرانی نزیكەی 4500 سەربازی ئەمریكی.‏

شەڕی دژ بە داعش
سەرەتای ساڵی 2014 ڕێكخراوی داعش دەستی بەسەر فەلوجە و چەند ناوچەیەكی ‏ڕومادی-دا گرت. لە 10ی حوزەیران شاری موسڵ دووەم، گەورە شاری عێراق، كەوتە ‏دەست چەكدارانی ڕێكخراوەكە. ‏

كەوتنی سوپای عێراق لە موسڵ و پێشمەرگە لە شەنگال، وایكرد چەكدارانی گروپەكە پەل ‏بۆ ناوچەكانی دیكە بهاون و بەهۆیەوە زیاتر لە یەك لەسەر سێی خاكی عێراقیان ‏كەوتەدەست. ‏

بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا، بە پاڵپشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ‏ئەمریكا، هێرشی پێچەوانەیان بۆ دەركردنی چەكدارانی داعش و پاككردنەوەی ئەو شار و ‏ناوچانەی لەژێر دەستیاندا بوو، دەستپێكرد، تا ئەوكاتە لە كانونی یەكەمی 2017 حەیدەر ‏عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات كۆتاییهاتنی شەڕی دژ بە داعش و سەركەوتنی ‏ڕاگەیاند. لەگەڵ ئەوەی تائێستا گروپی جیاجیای ڕێكخراوەكە هەن و ناوبەناو لە شارە ‏جیاجیاكان هێرش ئەنجامدەدەن.‏

ڕیفراندۆم
كورد كە لەڕێی بەشداریكردن لە داڕشتن و نووسینەوەی دەستوور و دەنگدان پێی، ‏پابەندیی بە یەكێتیی عێراقێكی فیدراڵی نیشاندا. لەدوای ساڵی 2003وە بەشێك بووە لە ‏دەسەڵاتی بەغداد، بەڵام زۆرجار ناڕازی بوو لە جێبەجێنەكردنی خاڵە دەستوورییەكان و ‏دووبارە سەرهەڵدانەوەی ویستی ناوەندگەرایی.‏

لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان لەڕووی سیاسی و ئابورییەوە قۆناغی گرنگ و ‏گەورەی بڕی. لەڕووی سیاسییەوە وەك بەشێكی گرنگ لە داڕشتنی سیاسەتی عێراق ‏دەبینرا، جگەلەوەی لەسەر ئاستی ئابوری ڕوو لە گەشانەوە بوو، تا دەستپێكی شەڕی ‏داعش، دۆخەكە بەرەو ئاراستەیەكی دیكە هەنگاوی نا.‏

لە سەروبەندی هەرەسهێنان بەداعش، خواستی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هێنرایە پێشەوە، ئەو ‏ڕیفراندۆمەی لە سەرەتا و بانگەشەكانیدا بۆ سەربەخۆیی ناویهێنرا، بەڵام دوای ئەنجامە ‏پێچەوانەكانی، تەنها وەك ڕاوەرگرتنێكی ئاسایی لەلایەن ئەنجامدەرانیەوە ناونرا.‏

گوێنەگرتن لە داوا و خواستی وڵاتانی جیهان، ناوچەكە و حكومەتی ناوەند لە عێراق، ‏هەرێمی كوردستانی ڕووبەڕووی دۆخێكی نەخوازراو كردەوە كە بە هێرشی سوپا و ‏حەشدی شەعبی بۆسەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەستیپێكرد و ‏دواتر گەمارۆی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێنا.‏

پارتی، كە خۆی بە “عەراب”ی ڕیفراندۆم و لایەنەكانی دیكەی بە هۆكاری شكستەكە ‏ناودەبرد، هەرزوو دروشمەكانی سەربەخۆیی لەبیربردەوە و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ‏ساڵی دواتردا، ئەوپەڕی هەوڵەكانی خۆی بۆ چوونەوە بەغداد و وەرگرتنی پۆست و پایە ‏خستەكار.‏

بۆیە ڕەخنەیەكی دیار بەرامبەر بە كورد لە عێراقدا، ئەوەیە كە تا ئێستا خۆی ‏یەكلایینەكردووەتەوە بەوەی دەیەوێت لەگەڵ عێراق و لەناو عێراقی فیدراڵدا بەردەوام ‏بێت، یان پەیوەندییەكە بچێتە فۆڕم و شێوازێكی دیكەوە، بە سەربەخۆییشەوە.‏

ناڕەزایی تشرین
لە هەڵبژاردنەكەی ئایاری 2018 هاوپەیمانییەكەی سەدر و كاندیدانی سەر بە حەشدی ‏شەعبی زۆرینەی هەڵبژاردنەكەیان بردەوە. هەڵبژاردنەكە لە تشرینی یەكەمدا بووە هۆی ‏پێكهێنانی حكومەت بە سەرۆكایەتیی عادل عەبدولمەهدی.‏

بەڵام تەنها ساڵێك دواتر لە تشرینی یەكەمی 2019دا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژ بە ‏گەندەڵی، بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزارییەكان لە بەغداد و شارەكانی دیكە سەریهەڵدا و ‏داوای ڕووخانی حكومەت بووە یەكێك لە داواكارییە سەرەكییەكان. بۆیە دوو مانگ دواتر ‏عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشكرد.‏

سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكە بووە هۆی كوشتنی نزیكەی 600 كەس، برینداربوونی ‏زیاتر لە 30 هەزار و ڕفاندنی دەیان چالاكوان.‏

لە نیسانی 2020 مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ ڕاسپێردرا، دوای ‏شكستهێنانی دوو كاندیدی دیكە بۆ ئەو پۆستە. حكومەتی نوێ بەڵێنی ئەنجامدانی ‏هەڵبژاردنی پێشوەختەی دا، ئەوەبوو لە تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردن بۆ ‏ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێی عێراق ئەنجامدرا، ئەو هەڵبژاردنەی تائێستا نەیتوانیوە ‏هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی نوێ یەكلابكاتەوە، بەهۆی ناكۆكییەكانی ‏شیعە، كورد و سوننەوە.‏

ناكۆكیی ماڵی شیعە
ئەگەرچی بەدرێژایی 19 ساڵی ڕابردوو لایەنە شیعییەكان كێبڕكێ لەنێوانیاندا هەبوو، ‏بەڵام لەدوای هەڵبژاردنەكەی ئایاری 2018وە كێبڕكێكە بۆ ناكۆكی و بەمدواییەش بۆ ‏ناكۆكی قوڵ و قەیران گواسترایەوە.‏

شیعە كە لە دوای ڕووخانی سەدامەوە باڵادەست و ڕۆڵی یەكلاكەرەوەی لە زۆرینەی ‏پرسەكاندا دەگێڕا، لەئێستادا بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە و ناكۆكییەكانیان لە هەوڵەكانی ‏پێكهێنانی كابینەی نوێدا گەیشتووەتە ئەوپەڕی.‏

ململانێكانی ئەمریكا و ئێران ‏
هەرچەندە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر ئاستی ‏جیهان بەگشتی و لە عێراق بەشێوەی تایبەت لەناكۆكی و ململانێدا بوون، لە 3ی كانونی ‏دووەمی 2020دا ناكۆكییەكە گەیشتە ترۆپك لەگەڵ كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی ‏پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس سەرۆكی دەستەی ‏حەشدی شەعبی، بەهۆی لێدانێكی ئاسمانیی هێزەكانی ئەمریكا لە بەغداد.‏

لە 8ی كانونی دووەمدا ئێران بە چەند لێدانێكی مووشەكی بۆسەر بنكەیەكی هێزەكانی ‏ئەمریكا لە عێراق وەڵامیدایەوە، لەوكاتەشەوە ناكۆكی جۆراوجۆر لەنێوان ئەمریكا و ‏گروپ و لایەنەكانی هاوپەیمان و نزیك لە ئێران لە عێراق لە ئارادایە، لە ئاكامیدا چەند ‏جارێك هێرش بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغداد بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان ‏ئەنجامدراوە، لەگەڵ زیادبوونی خواستەكان لەسەر كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا ‏لە عێراق.‏

لەو چێوەیەدا لە 26ی تەمموزی 2021، جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لەمیانەی سەردانێكی ‏مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتن كۆتاییهاتنی ئەركی شەڕكەرانەی هێزەكانی ‏سوپای وڵاتەكەی لە عێراق تا كۆتایی ئەو ساڵە ڕاگەیاند، بەوەش قۆناغێكی نوێی ‏هەماهەنگیی سەربازیی نێوان واشنتن و بەغداد هاتە ئاراوە.‏

دوای ئەو كشانەوەیە و جێهێشتنی عێراق بۆ خودی عێراقییەكان، تا ئێستا پێكهاتە و نەتەوە ‏جیاوازەكانی وڵاتەكە، بە كوردیشەوە، بەدوای ناسنامەیەكی دیاریكراو و قبوڵكراوی ‏عێراقی نوێی دوای 2003دا دەگەڕێن، دیارنییە گەڕانەكەش چەند بەردەوام دەبێت.‏

بابەتی پێشتر

بەهۆی سەماكردنەوە ئێران سێ ژن سزادەدات

بابەتی دواتر

عامری: دەبێت خەونەكەی سەدر بەدیبهێنرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەرێمی سلێمانی دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانیی خەڵك؟
بەرپرسی پڕۆژەكە: بەهەرێمكردن تەنها ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی كوردی

هەنگاوەكانی پڕۆژەی بەهەرێمكردنی سلێمانی درێژەیان هەیە و بەرپرسی دەستەی پرۆژەكە دەڵێت، “تەنها چارەسەرە بەدەست خەڵكی ئەم ناوچەیەوە بێت”…
Total
0
Share