پەرلەمان یاسایەك دەردەكات بۆ ڕێگری لە دەستدرێژیكردنەسەر تۆڕەكانی ئاو

پەرلەمانی كوردستان بەنیازە لەڕێی دەركردنی یاسایەكەوە، ڕێگری لە دەستدرێژیكردنە سەر تۆڕەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان بكات، هەروەها سزاش بۆ سەرپێچیكاران دابنێت.

لوقمان وه‌ردی، سەرۆكی لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه ‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار لە پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتیدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئێمە لە هەرێمی كوردستان فەراغی تەشریعیمان هەیە لە بواری پاراستنی تۆڕەكانی ئاو، دەبینین تۆڕەكانی ئاو بەردەوام دەستدرێژییان دەكرێتەسەر، لەلایەن هاوڵاتییانەوە بە زیادەڕۆ ئاو ڕادەكێشرێت و لە دروستكردنی پرۆژەكانیشدا زیان بە تۆڕەكانی ئاو دەگەیەندرێت”.

سەرۆكی لیژنەی شارەوانی ئەوەشی خستەڕوو، “ناوچە هەیە كە خەڵكێكی زۆر دەستدرێژییان كردووەتەسەر تۆڕەكانی ئاو و بەبێ گەڕانەوە بۆ فەرمانگەكانی ئاو خەڵكی بۆڕیی ئاوی ڕاكێشاوە، ئەوەش وای كردووە شارێك گرفتی ئاوی بۆ دروستببێت، لەكاتێكدا لە هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێم كێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەیە”.

له ‌دانیشتنی ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ 27ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژەیاسای “پاراستنی تۆڕ و بنچینه‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له ‌هه‌رێمی كوردستان” كرا، لیژنەی تایبەتمەندی پەرلەمانیش دەیەوێت ئەو پرۆژەیە بكات بە یاسا.

لوقمان وەردی ئاماژەی بەوەكرد، “ئێمە پێشنیازەیاسایەكمان ئامادەكردووە، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو بڕیارە سەرجەم بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆكان لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بێنە پەرلەمان و بە ئامادەبوونی تیمێكی شارەزا لە وەزارەتی شارەوانی كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدەین، بە مەبەستی وەرگرتنی ڕا و سەرنجیان بۆ ئەوەی لە نزیكترین كاتدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساكە بكرێت و ببێت بە یاسا”.

سەبارەت بە ڕێكارەكانی یاساكە دژ بەو كەسانەی سەرپێچی دەكەن، سەرۆكی لیژنەی شارەوانیی پەرلەمانی كوردستان ئاشكرایكرد، “هەموو سەرپێچییەكان غەرامە و سزای داراییان بۆ دانراوە، پاش دەركردنی یاساكەش چاودێریی جێبەجێكردنی دەكەین”.

ڕەشنووسی پرۆژەیاسای “پاراستنی تۆڕ و بنچینه‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ له ‌هه‌رێمی كوردستان” بخوێنەوە..

بابەتی پێشتر

سبەی تەرمی فرسەت سۆفی دەگەڕێندرێتەوە

بابەتی دواتر

كۆرۆنا ساڵی یەكەمی تەمەنی بەڕێدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تانکەرێکی سووتەمەنی گڕیگرت

لە ناحیەی بازیانی سەر بە پارێزگای سلێمانی تانکەرێکی سووتەمەنی، دوای وەرگەڕانی، ‏سووتا، شۆفێرەكەی بریندار بووە. ‏ لە لێدوانێکدا…
Total
0
Share