سەبارەت بە لێدوانەکانی دوێنێی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی جیهانیی حکومەتەکان لە ئیمارات، کاروان گەزنەیی ڕایگەیاند، سەرۆکی حکومەت خۆی دانینا بەوەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەمدەهێنن، لەکاتێکدا پێشتر بە ئێمەیان دەوت چەواشەکاری دەکەن لەو ئامار و ژمارانەدا.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان، ڕەخنەی توندی ئاراستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرد کە پێشتر کاتێک ئەمان وتوویانە ئەو بڕە نەوتە بەرهەمدەهێنرێت لە هەرێمی کوردستان و داهاتەکەیان بڵاوکردووەتەوە، تۆمەتبارکراون بەوەی دەیانەوێت چەواشەکاری لە داهات و ژمارەکاندا بکەن، “بەڵام دوێنێ سەرۆکی حکومەت بە دانپێدانان و وتەی خۆی ڕایگەیاند، ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێنرێت”.
ئاماژەی بەوە کرد، بە پشتبەستن بە وتەکانی خوودی سەرۆکی حکومەت لەبەردەم بەرپرسانی نێودەوڵەتیدا، ئێستا هەرێمی کوردستان مانگانە 15 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، کە ڕۆژانە 500 هەزار بەرمیل دەکات، لەو بڕەش 470 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت کە داهاتەکەی 635 ملیۆن و 600 هەزار دۆلاری مانگانەیە، واتە 934 ملیار دیناری مانگانە، لەکاتێکدا مووچەی مووچەخۆران پێویستی بە 900 ملیارە، سەرباری زیاتر لە 300 ملیار دینار داهاتی ناوخۆ کە دەکاتە تریلیۆنێک و 200 ملیار دینار.
ئەندامەكەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەرەڕای داهاتەکانی دەروازە سنوورییەکان کە بەپێی وەزارەتی دارایی هەرێم پێنج دەروازەی فەرمی و 20 دەروازەی نافەرمی لە هەرێمی کوردستان هەن، کە کەس و بنەماڵە و گروپ سوودیان لێوەردەگرن بەنموونەی دەروازەی نافەرمیی وەلید.
کاروان گەزنەیی دەپرسێت، ئێستا بەڕوونی بەپێی وتە و دانپێدانانی خوودی سەرۆکی حکومەت کە 500 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنن پارەی مووچە بەزیادەوە هەیە، ئەی بۆچی مووچە دابەشناکرێت؟.
ئەندامەکەی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان ئاماژە بە نییەتێک دەکات بۆ سزادان و گەمارۆدانی سیاسیی هەندێک ناوچە وەک پارێزگای سلێمانی، دەڵێت، نییەتێک هەیە کە بە مەبەست مووچە دابەشنەکرێت و کێشەی مووچە سیاسییە نەک داهات.